ئێران و چین رێكکەوتنێکی 25 ساڵەیان واژووكرد

كۆمپانیا چینییەكان 25 ساڵ لە بەندەرەكانی ئێران دەمێننەوە
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و چین
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و چین

K24 – ھەولێر:

دوای 5 ساڵ گفتوگۆكردن لەكۆتاییدا ئەمڕۆ شەممە رێكەوتنی 25 ساڵەی نێوان ئێران و چین لە تاران واژوو كرا، وەزیری دەرەوەی چین لەسەردانێكدا بۆ ئێران رایگەیاند، رێككەوتنی نێوان تاران و په‌كین ستراتیژییە و لەقازانجی ھەردوولا دایە. لەئێرانیش رێبەری ئەو وڵاتە پشتیوانی لێدەكات، بڕیارە بۆ ماوەی 25 ساڵ كۆمپانیا و بگرە ژمارەیەك سەربازی چینیش لە بەندەرەكانی ئێران جێگیر بكرێن.

وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین لە سەردانێكی دوو رۆژەدا واژووی لەسەر ئەو بەڵگەنامەیە كرد، كە لەمەودوا ھاوكارییەكانی نێوان وڵاتەكه‌یی و ئێران دەباتە قۆناغێكی دیكەوە.

سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتراستی كردەوە، كە لەكۆتاییدا رێكەوتنەكەی تاران و پەكین واژوو كرا.

ئەگەرچی ھەردوولا ئامادە نین دەقی رێككەوتنەكە ئاشكرا بكەن، بەڵام ساڵی رابردوو ھەندێك خاڵی رێككەوتنەكە بڵاوبوونەوە، كە كاردانەوەی زۆری لەناوخۆیی ئێران لێكه‌وته‌وه‌، بەپێی رێككەوتنەكە سەربازی چینی لەئێران جێگیر دەكرێن، ھاوكات باس لەوە دەكرێت، كە چین لە گرەنتی كڕینی نەوتی ئێران دەكات، لەبواری كۆنترۆڵكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان یارمەتی ئێران دەدات، ژمارەیەك پرۆژەی ستراتیژی لە بەندەر و دوورگەكانی ئێران ئەنجام دەدات. بڕیاریشە لەبواری پیشەسازی سەربازی چین یارمەتی ئێران بدات، ھەموو ئەوانەش لەبەرامبەر ئەوەدایە، چینییەكان بۆ ماوەی 25 ساڵ لەئێران جێگیر بكرێن.

وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین گوتی: "ئەو رێككەوتنە وادەكات پەیوەندییەكی پتەوی ستراتیژی لەنێوان دوو وڵات دروست بكرێت".

رەخنەگرانی ئەو رێككەوتنە دەڵێن: ئێران سەروەری خۆیی لەدەست دەدات و چینییەكان قازانجی زۆری لێدەكەن، بەڵام لەبەرامبەردا، عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران پشتگیری تەواوی خۆی دەربڕی بۆ ئەو رێككەوتنە، تەنانەت عەلی لاریجانی راوێژكاری خۆیی به‌ دەستپێشخەر و چاودێری رێكەوتنەكه‌ دیاریكردووە.

دڵخۆشی ئێران بەو رێككەوتنە لەكاتێكدایە، وەزیری دەرەوەی چین پێش ئەوەی سەردانی تاران بكات، سەردانی هه‌ر یه‌ك له‌ سعوودیه‌ و توركیای كردبوو، دوای ئێران، سەردانی ئیمارات و بەحرەینیش دەكات.