نرخی نەوت گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ

"بەهۆی دابەزینی ئاستی نەوتی ئەمبارکراوی ئەمریکاوەیە"

K24-هەولێر

نرخی نەوتی خاو ئەمڕۆ چوارشەممە لە بازاڕەکانی جیهان ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد و نرخی بەرمیلێکی گەیشتە نزیکەی 50 دۆلاری ئەمریکی.

بەپێی بۆرسە جیهانییەکانی بازاڕی نەوت نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنت ئەمڕۆ گەیشتە 49.35 دۆلار و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تیکساسی ئەمریکا گەیشتە 48.39 دۆلار.

ئەمە لە کاتێکدایە پەیمانگەی پترۆلی ئەمریکا دوێنێ رایگەیاند: ئاستی نەوتی خاو ئەمبارکراوی ئەمریکا هەفتەی رابردوو بە بڕی 1.1 ملیۆن بەرمیل دابەزی و گەیشتە 541.9 ملیۆن بەرمیل.

ئەمەش وەک چاودێران دەڵێن بووە هۆی ئەوەی نرخی نەوت ئاستێکی پێوانەیی نوێ تۆمار بکات.

نرخی نەوتی خاو ئەمڕۆ دووشەممە ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد و نرخی بەرمیلێکی گەیشتە سەرووی 48 دۆلاری ئەمریکی.

ئەمە لە کاتێکدایە سەرەتای ئەم مانگە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2016 ئاستێکی پێوانەیی نموونەیی تۆمار کرد و گەیشتە سەرووی 50 دۆلار، بەڵام دوای چەند رۆژێک دابەزییەوە.

لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 وە تاوەکوو ئێستا نەوت نزیکەی 60% بەهای خۆی لە دەستداوە، چونکە ئەو کات بەرمیلێکی نەوتی خاوی جۆری برێنت بە نزیکەی 115 دۆلار دەفرۆشرا کەچی ئێستا بە کەمتر لە 50 دۆلار دەفرۆشرێ، ئەمەش بەشێک لە وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی دووچاری قەیرانی دارایی کردووە.

ئا: ئا ، ف