ئێران: 10 بەرابەر پیتاندنی یۆرانیۆممان زیادكردووە

ئێران: هه‌زار ئامێری سەنتەرفیوچی پێشكەوتوومان لە جۆری IR2M دامەزراندووە
دەزگایەكی ئەتۆمی ئێرانی لە ئاراك (ئەرشێف)
دەزگایەكی ئەتۆمی ئێرانی لە ئاراك (ئەرشێف)

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی لیژنەی ئەمنی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، موجتەبی زوولنوور رایگەیاند، تاران 10 بەرابەر تواناكانی خۆی لە پیتاندنی یۆرانیۆم زیادكردووە، دوای ئەوەی 1000 ئامێری سەنتەرفیوجی پێشكەوتووی لە جۆری IR2M دامەزراندووە.

بەپێی ئاژانسی "مھر"ی ئێرانی، موجتەبی زوولنوور جەختیكردووەتەوە لەوەی "بەپێی ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی شورا (پەرلەمان) پەسندی كردووە، دەبووایە ھەزار ئامێری سەنتەرفیوج لە جۆری IR2M پێش 20ی/ئادار بەكاربخرێن، و بسپۆڕان سەركەوتوو بوون لە تەواوكردنی پرۆژەكە".

گوتیشی: "لە وادەی خۆیدا جێبەجێكران، ئەم ھەنگاوەش زۆر گرنگ و ستراتیجی بوو".

ئەو پەرلەمانتارە ئێرانییە جەختیكردەوە، ئەو ئامێرانەی IR2M، كە بەكارخراون "توانای پیتاندنی یۆرانیۆمیان 5-6 جار زیاترە لە ئامێرەكانی پێشووی پیتاندن" كە ئێستا لە دەزگای نەتەنز كار دەكەن و لە جۆری IR1 ن.

ھەروەھا روونیكردەوە، ئامێرەكانی لە جۆری IR2M توانای پیتاندنی یورانیۆمیان ھەمان توانای تەواوی پیتاندنەكانی دەزگای نەتەنزە، كە ئێستا  بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 كاردەكات.

سەرۆكی لیژنەی ئەمنی نەتەوەیی و سیاسەتی نێودەوڵەتی لە پەرلەمانی ئێران جەختیكردەوە لەوەی "ئەم رێكارانە پابەندبوونی یاسایی بوون و بڕیارە ئامێری دیكەی سەنتەرفیوج لە جۆری IR6 بەپێی خشتەی كاتی دانراو دابمەزرێنرێن. یەكەم زنجیرەی ئەو جۆرە دامەزرێنرا و بەكارخران و ئەمەش گرنگترین ھەنگاوە بۆ پێشخستنی پیشەسازی ئەتۆمی" لە ئێران. بە پێی دەربڕینی ئەو پەرلەمانتارە.

لە 1ی/ كانوونی یەكەمی 2020 پەرلەمانی ئێران بڕیارێكی پەسندكرد بۆ دەستپێكردنەوە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 20% و پاشەكشەكردن لە "پرۆتۆكۆلی پاشبەند" وەك ھەنگاونان لە چوارچێوەی كەمكردنەوەی پابەندییەكانی ئێران بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمیی واژووكراو لە ساڵی 2015.

بەڵام دوای سەردانی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، رافاییل گرۆسی بۆ تاران لە شوباتی رابردوو، ئاژانسی نێودەوڵەتی و تاران رێككەوتن لەسەر دواخستنی ئەو بڕیارەی ئێران بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ ئەوەی بوار بدرێت بە ھەوڵە دیپلۆماسییەكان. ئێرانیش تەنھا كردەوە پشكنینە خۆ بەخشەكانی راگرت.

بەڵام لە ھەمان كاتیشدا، ئێران رەتیكردەوە ھیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەنجامبدات لە بارەی رێككەوتنی ئەتۆمی و مەرجی ھەڵگرتنی تەواوی سزا سەپێنراوەكان دانا بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان.