هەڵمەتێك بۆ پاککردنەوەی سەیرانگەکان بەڕێوەدەچێت

ئومێد خۆشناو: داوا لە ھاوڵاتیان ده‌كه‌م ژینگە بپارێزن، چونكە كەسانێك ھەن لە دوای ئەوان سەختی دەبینن تا پاكی دەكەنەوە
سه‌یرانگه‌ی كه‌سنه‌زان پاككرایه‌وه‌
سه‌یرانگه‌ی كه‌سنه‌زان پاككرایه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

لە ھەڵمەتێكدا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (27ی ئادار/ مارسی 2021)، پارێزگاری ھەولێر و بەرپرسانی ئیداری و كارگوزارانی شارەوانی، سەیرانگه‌ی كەسنەزانییان لە پاشماوەی زبڵ و خاشاك پاككردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەشێك لە خێزانەکان لە رۆژانی نەورۆزدا لە دوای خۆیان پاشماوەكانیان فرێدابوو، ئومێد خۆشناو، پاریزگاری ھەولێر داوای لە ھاوڵاتییان كرد ژینگە بپارێزن، چونكە كەسانێك ھەن لە دوای ئەوان سەختی دەبینن تا پاكی دەكەنەوە.

ئەوان خواردیان و فرێیان دا، ئەمانەش پاكی دەكەنەوە، سەیرانگای نزیك مۆنۆمێنتی شەھیدان لە كەسنەزان، پڕە لە پاشماوەی ئەو كەسانەی كە لە رۆژانی نەورۆزدا بۆ گەشت روویان لەم شوێنە كردبوو، پارێزگاری ھەولێر و ژمارەیەكی دیار لە بەرپرسانی یەكەی ئیداری لە ھەولێر و كارگوزارانی شارەوانی لە ھەڵمەتێكدا پاكی دەكەنەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر گوتی: "ئه‌و كاسانه‌ی دێنه‌ سه‌یرانه‌كانه‌وه‌، ده‌بێت بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر شوێنه‌كه‌یان پیس بكه‌ن، دوای ئه‌وان كێ پاكی ده‌كاته‌وه‌، پێویسته‌ بیر له‌وه‌ش بكه‌نه‌وه‌، دوای ئه‌وان خێزانێكی دیكه‌ش دێته‌ ئه‌و جێگایه‌".

لە رۆژانی جەژندا ھەزاران كەس و خانەوادە روویان لە سەیرانگه‌كان كرد، بەڵام بەشێك لەوانە ئەوەی رەچاوییان نەكرد، پاراستنی ژینگە بوو، سەره‌ڕای ئەوەی بەشێك لە چالاكوانە ژینگە و رێكخراوەكان لەسەر رێگاكان كیسی پاشماوەی خواردنیان بەسەردا دابەش دەكردن.

لە ماوەیەكی كەمدا، بەشێكی زۆری ئەم سەیرانگه‌یە پاككرایەوە، سرووشت جوانی و سەرنجڕاكێشی خۆی بۆ گەڕێندرایەوە، بەڵام جارێ سەرەتای وەرزی گەشت و بەھارە، ئەگەر ھاوڵاتییان لە گەشتەكانی دیكەیان بەم جۆرە بەردەوام بن، ئەوا ئەركی سەرشانی كارگوزارانی ژینگە سەختتر دەكەن.

د.ی