له‌ هه‌ولێر زیاتر لە ھەزار پزیشک و کارمەند تووشی كۆرۆنا بوون

"بارودۆخەکە مەترسیدارە و تاکە چارەسەریش بۆ ھێواشکردنەوەی ئەم شەپۆلە بەستنی ماسکە"
رێژه‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی به‌رزبووه‌ته‌وه‌
رێژه‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی به‌رزبووه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

زیاتر لە ھەزار پزیشک و کارمەندی تەندروستی لە سنووری پارێزگای ھەولێر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ئەمەش بۆشاییەكی گەورەی لە كەرتی تەندروستی دروست كردووە، لە هەمان كاتدا رێژەی تۆماركراوانی رۆژانە لە (11%) نزیك دەبێتەوە.

بەڕێوبەری نەخۆشخانەی "لالاڤ" بۆ چاودێری چڕ، نايشارێته‌وه بارودۆخەکە مەترسیدارە و تاکە چارەسەریش بۆ ھێواشکردنەوەی ئەم شەپۆلە بەستنی ده‌مامكه‌، پێشبینیش دەکريت ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا زۆر زیاد بکات، بۆیە ته‌ندروستى هه‌ريم داوا دەکات هاووڵاتیان پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن.

دۆخى توشبووانی کۆرۆنا تا دێت خراپتر دەبێت و ژمارەیەکی زۆرى پزيشك  و پەرستار و كارمه‌ندانى تەندروستی تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ئەمەش کێشەی بۆ كه‌رتى تەندروستی دروستکردووە.

کەسوکاری تووشبوانی کۆرۆنا له‌ نەخۆشخانەی چاودێری چڕ، کە تايبه‌ت كراوه بۆ توشبووانی کۆرۆنا، داوا له ھاووڵاتیان دەکەن خۆیان بپارێزن.

د. سۆزی جامباز، بەڕێوه‌بەری نەخۆشخانەی "لالاڤ" بۆ چاودێری چڕ گوتی: "نايشارمه‌وه بارودۆخەکە مەترسیدارە و تاکە چارەسەریش بۆ ھێواشکردنەوەی ئەم شەپۆلە بەستنی ماسکە".

لە شاری ھەولێر رێژەی تووشبوون لە (2.2%)ه‌وه‌ بووەتە (10%)، لەکاتێکدا بەگوێرەی ستاندارەکان نابێت رێژەکە لە (5%) زیاتر بێت، زیاتر لە ھەزار پزیشک و کارمەندی تەندروستیش لە سنووری پارێزگای ھەولێر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ئەمەش لە ھەندێک شوێن کێشەی کەمی کارمەندی بۆ  كه‌رتى ته‌ندروستى دروستکردووه، وينه‌كانيش ده‌يسله‌مێنن قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا پڕبوون له تووشبوو لەگەڵ ئەوەشدا ھاووڵاتییان پابەندنین بە رێنماییەکان.

د.ی