وەزیری تەندروستی لەگەڵ چەند لایەنێكی پەیوەندیدار دۆخەكە تاوتوێ دەكەن
K24 – ھەولێر
بۆ لێكۆڵینەوە لە رێكارە تەندروستییەكان و ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە، وەزیری تەندروستی و وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و بەڕێوەبەری فڕۆكەخانە لە فڕۆكەخانەی ھەولێر لە كۆبوونەوەدان.
رێناس عەلی، پەیامنێری كوردستان24 لە شوێنی كۆبوونەوەكە رایگەیاند: "وەزیری تەندروستی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لەگەڵ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و بەڕێوەبەری فڕۆكەخانە لە كۆبوونەوەدان".
گوتیشی: "كۆبوونەوەكە بۆ لێكۆڵینەوەیە لە رێكارە تەندروستییەكان كە لە فڕۆكەخانەكان دەگیرێنەبەر، دوای بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا دەیانەوێت رێكارەكان توندتر بكەن، بۆ ئەوەی ھاتن و چوون لە فڕۆكەخانەكان كاریگەری زیاتری نەبێت".
پەیامنێرمان، ئاماژەی بەوەشكرد: "لە ھەمانكاتدا ئەمجۆرە كۆبوونەوانە وەك ئامادەكارییە، بۆ كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، كە بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا كۆببنەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە بكەن و بڕیار لە رێكار و رێنمایی نوێ بدەن".