په‌كه‌كه‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستگیر ده‌كات و به‌ سیخوڕ تۆمه‌تباریان ده‌كات

''چەند ساڵە زەوی و ماڵیان داگیرکردووە، ئێستاش دەیانکەنە سیخوڕ''
چەند چەکدارێکی پەکەکە
چەند چەکدارێکی پەکەکە

K24- هەولێر:

دەستگیرکردنی چەند هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکان لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان "په‌كه‌كه‌"ەوە، دواتر خستنەپاڵی تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ تەواوی ده‌ستگیركراون، نیگه‌رانی لای چاودێرانی یاسایی و سیاسیی دروستکردووە.

میدیاکانی سەر بە پەکەکە، ڤیدیۆی چەند دیلێکی دەستیان بڵاوکردووەتەوە، گوایە لە لایەن گەریلاکانیان لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون و سیخوڕیان کردووە.

لەو بارەوە زانا تۆفیق، پارێزەر و چاودێری سیاسی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ''لە رووی یاساییه‌وه‌ پەکەکە ناتوانێت هیچ هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان دەستگیر بکات، چونکە پەکەکە خۆی لە "لیستی تیرۆر" دایە؛ جیا لەوەش هەرێمی کوردستان جێگای کار و چالاکی سیاسی پەکەکە نییە''.

گوتیشی: ''ئەوەی پەکەکە دەیکات، تیرۆری سیاسییە و دەبێت حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لە رووی یاساییەوە رێکاری بەرامبەر بگرنەبەر''.

هەروەها، مەشخەڵ کەولۆسی، سەرۆکی ناوەندی چاوی کورد گوتی: ''لە راستیدا نازانم چ شتێک ماف بە پەکەکە دەدات، کارێکی هاوشێوە بکات، لە کاتێکدا هیچ مافێکی یاسایی و سیاسی ئەو رێگایە بە پەکەکە نادات''.

لەبارە دروستکردنی دەزگای سیخوڕیش لە هەرێمی کوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ''ئەوه‌ بۆ پەکەکە خۆی خراپە، وا دەکات خەڵک لێی دوور بکەوێتەوە، چونکە لە رووی دەروونییه‌وه‌ کاریگەری لەسەر خەڵک هەیە و خەڵک نازانێت کێی دیکە دەکرێتە سیخوڕ''.

هەر لەوبارەوە، دڵشاد نامیق فەرەج، مامۆستای زانکۆ، روونیکردەوە، ''پەکەکە شوێنی خەبات و بەرخودانی بریتیە لە باکووری کوردستان، بەپێی نەریتی نێودەوڵەتی و هەموو رێسا کارپێکراوەکانی خەباتی رزگاریخوازیش، هیچ هێزێك مافی ئەوەی نییە شوێن و نشینگەی هاووڵاتیانی وڵاتێکی دیكه‌ داگیربکات و خۆی بسەپێنێت و نەهێڵێت دەسەڵاتی شەرعی وڵات بگاتە ئەو جێگایانە، سەرەڕای ئەوەیش بچێت بە پاساوی جیاجیاوە بەند و دەستبەسەریان بکات''.

دڵشاد نامیق ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بۆیە ئەو کارانەی پەکەکە ئەگەر کاردانەوەیش بێت بۆ ئەو رێوشوێنە یاساییانەی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی یاسادا گرتوونیەتە بەر، هەر نابەجێ و نەخوازراوە، چونکە پەکەکە شەرعیەتی فەرمانڕەواییکردنی نییە لە باشووری کوردستاندا، ئەگەر شەرعیەتی مانەوەیشی هەبێت دەبێت رێز لە یاساکانی هەرێم و دەسەڵاتی شەرعی هەرێم بگرێت، نەك خۆی بکاتە جێگره‌وه‌ی دەسەڵات و دادگا و یاساکانی''.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتیشی: ''لەلایەکی دیكه‌شەوە ئەو کارانەی ئەو هێزە دەچێتە چوارچێوەی پاداشتدانەوە بەخراپە بۆ ئەو خەڵك و هاووڵاتیانەی چەند ساڵێکە بوونەتە قوربانی هەبوونی ئەوان لەوێ و بەشێکیان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە گوندەکانیان و بەشێکیشیان کەوتونەتە مەترسیەوە و هەندێکیشیان زەوی و ماڵیان لە بەردەستی ئەواندا بووە، کەچی ئاوا پاداشتی چاکەیان داونەتەوە، کە لەماڵی خۆیاندا کردونیانن بە سیخور!''