رام وایە گۆڕان و یەکێتی ببنەوە یەک

پارێزگاری کەرکووک:
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/de1f83c6-3fa0-440f-8e17-98dc725780fe/najmadi%20karim4.ism/manifest

K24-هەولێر

پارێزگاری کەرکووک نەجمەدین کەریم رایگەیاند خەڵکی کوردستان مافی ئەوەیان هەیە ریفراندۆم ئەنجامبدەن و سەربەخۆیی رابگەیەنن، بەڵام دەبێ حزبە سیاسییەکان و هەموو خەڵکەکە پشتیوانی لەمە بکەن، رام وایە گۆڕان و یەکێتی ببنەوە یەک.

نەجمەدین کەریم لە لێدوانێکدا لە واشنتنەوە بە (کورستان 24)ی گوت: "پێشتریش وتوومە خەڵکی کوردستان مافی ئەوەیان هەیە ریفراندۆم ئەنجامبدەن و سەربەخۆیی رابگەیەنن، بەڵام زۆر گرنگە لەهەمان کاتدا هەموو هێزەکانی کوردستان، واتا حزبە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و هەموو خەڵکەکە پشتیوانی لەمە بکەن، من دەزانم ئەگەر لە خەڵکی کوردستان بپرسرێ زۆربەی زۆریان دەنگ بۆ ئەوە دەدەن کە سەربەخۆ بن، بەڵام بەدیهێنانی سەربەخۆییش پێویستی بە یەرکریزیی هەیە، پێویستی بە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەیە، بۆیە دەبێ هەموو کاری لەسەر بکەین و پشتیوانی ئەم هەنگاوە بکرێت، بە رای من".

گوتیشی: "بە رای من دوو ئیدارەیی لە بیری کەسدا نییە، بەڵام لە کوردستانیشدا دەبێ فیدڕاڵیزم هەبێت واتا نابێ هەموو بڕیارەکان لە هەوڵێرەوە بدرێن ئەمە بەو واتایە نییە تۆ دەبیتە خاوەنی دوو ئیدارە، ئەگەر دەسەڵات بدەین بە پارێزگای دهۆک یان پارێزگای هەڵەبجە یان پارێزگای سلێمانی ئەوە دوورە".

پارێزگاری کەرکووک ئاماژەشی کرد: "لەبارەی رێککەوتنەکەوە، هەڵبەتە رێککەوتن و نزیکبوونە لەنێوان هێزە سیاسییەکان زۆر گرنگە، گۆڕان و یەکێتی بوونیان لە یەک ناوچە رێککەوتنەکەیان گرنگتر دەکات، بەڵام من رام وایە کە بە راستی گۆڕان و یەکێتی هەر ببنەوە یەک، بەڵام سەرکردایەتی یەکێتی ئێستا ناتوانێ ئەو بڕیارە بدات، دەبێ ئەو بڕیارە لە کۆنگرە بدرێت، دەبێ یەکێتی بە زوترین کات کۆنگرەی خۆی ببەستێ و دەسەڵات بدات بەو سەرکردەی کە هەڵدەبژێردرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی دانووستاندن دەستپێبکات بۆ یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان، من وابزانم ئەمە باری کوردستانیش ئارامتر دەکات".

ئەوەشی خستەڕوو: "یازدە ساڵە هیچ کارێک نەکراوە لە رووی جێبەجێکردنی ماددەی 140 وە، بۆیە دەبێ رێگەیەکی دیکە بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی کەرکووک رزگاری بێ لەم ستەمەی کەوا بەغدا خستوویەتە سەری و کەرکووک زۆر بە باشی دەتوانێ خۆی بەڕێوەبەرێ بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنی پارێزگاکە".

پارێزگاری کەرکووک باسی لەوەش کرد: "ئەمڕۆ بمانەوێ یان نەمانەوێ کەرکووک پێشمەرگە پاراستوویەتی و لە ناو شار ئاسایش و پۆلیسە و ئاسایشیش لە هەرێمەوە مووچەی پێدەدرێ و یارمەتی دەدرێ و پۆلیسەکەمان تێکەڵە کورد و عەرەب و تورکمانن و بەراستی لە بەغدا کارێکی ئەوتۆمان نەبینیوە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووک بێت و ئێمە رۆژانە مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکەین، بۆیە تا دێ باوەڕمان کەمتر دەبێ بەوان، بۆ نموونە ئەمڕۆ 17 مانگی پێنجە و تا ئێستا یەک دینارمان لە بەغداوە بۆ نەهاتووە".

گوتیشی: "ئێمە دەمێکە دەڵێین بەستنەوەی کەرکووک بە بەغداوە بەو شێوەیەی کە هەیە زیانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک هەیە، بۆ کورد بۆ عەرەب بۆ تورکمان، بەغدا بە کەیفی خۆی خەڵک دادەمزرێنێ بەبێ ئەوەی راوێژ بە بە کەرکووک بکات هەموو بڕیارەکان لەبارەی کۆمپانیای نەوتی کەرکووک بەبێ راوێژکردن بە کەرکووک دەردەکرێن، بەڵام کە کێشەیان تووش دەبێ ئەوکات داوا لە ئێمە دەکەن هاوکارییان بکەین".

نەجمەدین کەریم ئاشکراشی کرد: "بە رای من خەڵکی کەرکووک زەرەرمەندی گەورەیە لەم پەیوەندییەی کە لەگەڵ بەغدا هەیەتی، دوورخستنەوەی کەرکووک لە بەغدا باشترین هەنگاوە بۆ کەرکووک و بۆ هەرێمی کوردستانیش".

یەکیتی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان دوێنێ سێشەممە رێککەوتنێکی سیاسییان لەنێوانیان واژوو کرد و بەپێی ئەو رێککەوتنە هەردوولا بوونەوە هاوپەیمانی یەکدی.

ئا: ئا ، ف