شێروان دووبه‌ردانی: هه‌موو هه‌وڵێك بۆ تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای بودجه له په‌رله‌مان له ئارادان

K24- به‌غدا:
دوای ئه‌وه‌ی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگی له‌سه‌ر مادده‌ی 11 له پڕۆژه‌یاسای بودجه دا، كه تایبەته به پشکی هەرێمی کوردستان، په‌رله‌مانتارێكى پارتی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تایبه‌ت بۆ كوردستان24ـی راگه‌یاند، مادده‌ی 11 له پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ند كراوه و هه‌موو هه‌ولێكیش له‌ئارادان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر 58 مادده‌ی پرۆژه‌یاساكه بخرێته ده‌نگدانی گشتی دانیشتنی په‌رله‌مان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌لایه‌نی كه‌م به‌شێك له بڕگه و مادده‌كانی ده‌نگیان له‌سه‌ر بدرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌گه‌ر ته‌واوی مادده‌كانی ناو پڕۆژه‌یاساكه له لیژنه‌ی دارایی په‌سه‌ند كران، ئه‌وا سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان په‌یوه‌ندی به په‌رله‌مانتاره‌كانیانه‌وه ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاماده بن، تاوه‌كو پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه یاساكه ئه‌نجام بدرێت.
له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2021 به‌ڕێوه‌چوو، مادده‌ی 11 له پڕۆژه یاساكه كه تایبه‌ته به پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتی، په‌سه‌ند كرا.
H.B