رەنگە ئیتر وەرزی هاوین لە جیهان ببێتە شەش مانگ

کاریگەرییەکانی گەرمبوونی زەوی دەردەکەون
شەقامێک لە وەرزی هاوین
شەقامێک لە وەرزی هاوین

K24- هەولێر:

چەند دیاردەیەکی ژینگەیی، وەکو زوو چەکەرەکردنی گووڵ و زوو کۆچکردنی باڵندەکان، چەند ئاماژەیەکی گرنگ لەبارەی گۆڕینی کەشەوهەوا دەخەنەڕوو.

توێژینەوەیەکی نوێ ئەوەی دەرخستووە، گۆڕینی ماوەی وەرزەکان، پەیوەستە بە گۆڕینی کەشوهەوا، بەجۆرێک لە هەندێک ناوچە، وەرزی هاوین بۆ شەش مانگ زیادیکردووە و لە داهاتووش زیاتر دەبێت.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، ئەمە کاریگەری نەرێنیی لەسەر کشتوکاڵ، سرووشی ژینگە و تەندروستی مرۆڤ دەبێت.

توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری جیۆفیزیکاڵ ریسێرچ بڵاوکراوەتەوە، چاودێری وەرزەکان لە ساڵی 1952 کراوە تاوەکو ئێستا، تێبینی گۆڕینی پلەی گەرمی وەرزەکانیش خراوەتە بەر توێژینەوە؛ وەرزی هاوین درێژ دەبێتەوە و وەرزەکانی دیکەش بە بەروارد بە رابردوو، ماوەکانیان کەمتر دەبێت.

ئەوە ئاشکرا کراوە، تێکڕای گشتی رۆژەکانی وەرزی هاوین لە جیهان کە 78 رۆژە، بۆ 96 رۆژ زیادیکردووە. ئەمەش بەڵگەیەکی روونی گۆڕانی وەرزەکانی ساڵە.

یەکێک لە هەڕەشەکانی سەر داهاتووی مرۆڤایەتیی، گەرمبوونی زەوییە، کە ئەگەری کەمبوونەوەی کشتووکاڵ و خۆراک، ژێر ئاوکەوتنی چەندین شار و وڵات لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.