لە ئەنجامی تەشه‌نەی زیاتری كۆرۆنا داوای گرتنه‌به‌ری رێكاری نوێ ده‌كرێت

ته‌ندروستی سلێمانی: ئاستی تاکپارێزی سفرە
په‌تای كۆرۆتا زیاتر ته‌شه‌نه‌ ده‌كات
په‌تای كۆرۆتا زیاتر ته‌شه‌نه‌ ده‌كات

K24 – ھەولێر:

سەرەڕای ھۆشدارییه‌ بەردەوامەکانی وەزارەتی تەندرووستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی كوردستان بەوەی ژمارەی توشبوون و مردن بە کۆرۆنا پێوەر و ڕادەی ئاسایی تێپەڕاندووە؛ بەڵام ھێشتا ھاووڵاتییان بە گشتی وەک پێویست بە ڕێنماییە تەندروستیەکان پابەند نین.

ھەڕەشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر کۆمەڵگا تادێت زیاتر دەبێت، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت پێچەوانەی زۆربونی ئامارەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدان؛ ئاستی خۆپارێزی ھاووڵاتیان وەک پێویست نيیە و کەمترین ھاووڵاتی پابەندی بەستنی ماسکن، بۆیە بەردەوام ھۆشداری دەدرێت لەوەی گەر دۆخەکە وا بەردەوام بێت زۆر مەترسیدارتر دەبێت.

 یاد نەقشبەندی، گوتەبێژی تەندرووستی سلێمانی گوتی: ئاستی تاکپارێزی لە سلێمانی سفرە، بۆیە پێویستە بە زوویی ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بە تایبەت سلێمانی کۆبێتەوە و ڕێنمایی پێویست دەربکات.

ھاووڵاتیان ڕۆژانە گوێبیستی ئەوە دەبن، كە خەریکە جارێكی دیكه‌ نەخۆشخانەکان پڕ دەبنەوە لە تووشبوووانی كۆرۆنا و زۆرێک لە ھاوڵاتیانیش کەسە نزیکەکانیان بە ھۆی کۆرۆناوە لە دەستداوە.

 میر ئەکبەر خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیە بەڵام وەک خۆی گوتی: بە ھۆی ئیھمالیەوە خۆی و ھاوڕێکانی زۆر کات پابەندی ڕێنماییە تەندرووستیەکان نابن، كە ئەمەش ھەڵەیە .

ئەگەر ھەڵوەستەیەک لەسەر ئامارەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا بکەین لە ماوەی یه‌ك هه‌فته‌ی رابردوودا رێژه‌ی تووشبوون و گیان له‌ده‌ستدان گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی پێوانه‌یی و ئه‌مه‌ش وا ده‌كات مه‌ترسی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر كه‌رتی ته‌ندرووستی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی گشتی درووست ببێت.