ئەو پیاوەی لە چەمچەماڵ دوو كچەكەی كوشت خۆی رادەستكرد

بكوژی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرد
ئەو دوو خوشكەی لە چەمچەماڵ كوژران
ئەو دوو خوشكەی لە چەمچەماڵ كوژران

K24 – سلێمانی

ئەو كەسەی لە قەزای چەمچەماڵ دوو كچەكەی خۆی كوشت، خۆی رادەستی ھێزەكانی پۆلیس كرد و لەبەردەم دادوەر دانی بە تاوانەكەدا ناوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند "دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئەیلولی 2020، دوو خوشك لە قەزای چەمچەماڵ كوژران، بەتۆمەتی كوشتنی كچەكان دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ باوكی كچەكان دەركرد، بەڵام تۆمەتبار بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتبوو، هێزەكانی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ بەردەوامبوون لەلێكۆڵینەوەكانیان بۆ دۆزینەوەی شوێنی تۆمەتبار، سەرئەنجام لەژێر فشاری هێزەكانی پۆلیسدا باوكی دوو خوشكەكە خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرد".

لە راگەیەندراوەكەی پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەشكراوە "تۆمەتبار (ف، ح، ش) لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو ئێستا بە بڕیاری دادوەر راگیراوەو لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە".