نازم دەباغ: هەرێمی کوردستان لێكتێگەیشتنی هەناردەی نەوتی لەگەڵ ئێران واژوو كردووە

بەرپرسێكی ئێران: کۆمپانیای نەوتی ئێران ئاگاداری ئەم گرێبەستە نییە

K24 - ھەولێر

نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە تاران رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لێك تێگەیشتنی هەناردەی نەوتی لەگەڵ ئێران واژوو کردووە، بەڕێوەبەری کاروباری نێودەڵەتی کۆمپانیای نەوتی ئێرانیش دەڵێ کۆمپانیای نەوتی ئێران ئاگاداری ئەم گرێبەستە نییە.

نازم دەباغ، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە ئاژانسی مێھری راگەیاندووە: "هەرێمی کوردستان و ئێران بە مەبەستی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران لێك تێگەیشتنیان واژوو کردووە و رۆژانە 20 تا 30 هەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی ئێرانەوە هەناردە دەکرێت".

ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە: "بەرپرسانی بواری نەوتی هەرێمی کورستان و ئێران 5 ی نیسانی 2016 ئەم لێك تێگەیشتنەیان واژوو کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە موحسین قەمسەری، بەڕێوەبەری کاروباری نێودەڵەتی کۆمپانیای نەوتی ئێران، هەفتەی رابردووە رایگەیاندبوو: "کۆمپانیای نەوتی ئێران ئاگاداری ئەم گرێبەستە نییە، ئێستا هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆڕییەوە نەوتی خۆی بەرە ئەورووپا هەناردە دەکات".

عەلی پەناهی جێگری سەركونسۆڵی ئێرانی لە سلێمانی رایگەیاندووە: "ئێران هیچ کێشەیەکی لەگەڵ پەرەپێدانی بواری نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نییە و تەنیا پێویستیمان بە رەزامەندی حکوومەتی ناوەندیی عێراق هەیە".