وەزیری کارەبا: ئەندازیارەکەمان بە ناحەق شەهید کرا

'' فەرمانبەرێكی دڵسۆز و بەتوانا و رەوشت بەرز بوو''
ئەندازیار شادی عەبدوڵڵا، فەرمانبەری وەزارەتی كارەبا
ئەندازیار شادی عەبدوڵڵا، فەرمانبەری وەزارەتی كارەبا

كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا، بەیاوەری شاندێكی باڵای وەزارەت سەردانی ماڵی ئەندازیار شادیە عەبدوڵا فەرمانبەری وەزارەتی كارەبای كرد کە لە لایەن فەرمانبەرێکی دیکەی وەزارەتەکە تەقەی لێکرا و کوژرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەت: ''وەزیری کارەبا بەتوندی ئیدانەی ئەو تاوانە قێزەوەنەی كرد كە لەناو وەزارەتی كارەبادا بەرامبەر بە فەرمانبەرێكی وەزارەتی كارەبا و خانەوادەكەو وەزارەت ئەنجام درا''.

راشیگەیاند: لەدەستدانی ئەندازیار شادیە عەبدوڵا وەكو لەدەستدانی كچێكی خۆم وایە و نموونەی ئەندازیارێكی رەوشت بەرز و دڵسۆز و بەتوانا بوو بەناهەقی شەهید كرا، لەلایەن وەزارەتیشەوە دوو پارێزەرمان راسپاردووە بۆ بەدواداچوونی ئەم تاوانە و پاڵپشتی تەواوی هەموو مافەكانی خانەوادەكەی دەكەم''

دوێنی دووشەممە، لە لایەن فەرمانبەرێکی وەزارەتی کارەبا، فەرمانبەرێکی دیکەی وەزارەتی کارەبا کوژرا، کە تازە هاوسەرگیریی کردبوو.

بکوژەکە دواتر خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد و دەستبەسەرە.

سەردانی وەزیری کارەبا بۆ ماڵی کارمەندە کوژراوەکەی وەزارەت
سەردانی وەزیری کارەبا بۆ ماڵی کارمەندە کوژراوەکەی وەزارەت