سبه‌ی ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 ده‌درێت
K24- هه‌ولێر:
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوا له سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران ده‌كات، له دانیشتنی سبه‌ی چوارشه‌ممه، كاتژمێر 1:00ی نیوه‌ڕۆ ئاماده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه بده‌ن، كه ماوه‌یه‌كی دوور و درێژه چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن.
له به‌یاننامه‌كه‌دا حه‌لبووسی جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، "تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2021 یه‌كێكه له هه‌نگاوه گرنگه‌كان، كه كاریگه‌ری ئه‌رێنی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییان هه‌یه و بڕگه و مادده‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ چاره‌سه‌ری پێداویستییه‌كانی هاووڵاتییان ده‌كات، وێڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌تیش له‌و رێگه‌یه‌وه هه‌نگاوێك بۆ جێبه‌جێكردنی كارنامه‌كه‌ی ده‌نێت و پشتگیری ئه‌و پڕۆژه خزمه‌تگوزارییانه ده‌كات، كه په‌یوه‌ندییان به ژیانی رۆژانه‌ی هاووڵاتییانه‌وه هه‌یه".
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، "داوا له سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین، سبه‌ی كاتژمێر 1:00 نیوه‌ڕۆ له دانیشتنی ده‌نگدان به پڕۆژه‌یاسای بودجه ئاماده‌بن، كه ماوه‌یه‌كی زۆره چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ك راشده‌گه‌یه‌نین، ناوی ئاماده‌بووان و ئه‌وانه‌ی ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه نابن، بۆ رای گشتی راده‌گه‌یه‌نین".
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له به‌یاننامه‌كه‌دا دووپاتیكرده‌وه، "خشته‌ی كاری دانیشتنی سبه‌ی خستنه‌ڕووی داواكاری هێزه سیاسییه‌كانیش له‌خۆ ده‌گرێت، كه واژووی 172 په‌رله‌مانتاری له‌سه‌ره و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیان كردووه، ئه‌مه‌ش به پشتبه‌ستن به حوكمه‌كانی مادده‌ی 64 له ده‌ستووری عێراقی، و ئه‌و هه‌نگاوه وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كه بۆ داواكاری گه‌ل بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته، به‌مه‌ش په‌رله‌مان هه‌موو داواكاری و هه‌نگاوه كردارییه‌كانی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته ئه‌نجام ده‌دات، له‌وانه‌ش پێكهێنانی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی دادوه‌ری، ره‌وایه‌تیدان به یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ده‌نگدان له‌سه‌ر یاسای هه‌مواری یه‌كه‌م بۆ "فه‌رمانی ژماره 30ی ساڵی 2005"ی یاسای دادگای باڵای فیدراڵ".
H.B