نێچیرڤان بارزانی: ئەوە روونبووەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری کێشەکانی بودجەی عێراق نییە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانەکەی بۆ پاریس باس دەکات
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پاریس
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پاریس

K24- هەولێر: 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پاریس کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و باسی لە دیدار و کۆبوونەوەکانی کرد.

نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە رایگەیاند: ''فەرەنسا رۆڵێکی گەورەی لە هاوکاریی سەربازیی و مرۆیی عێراق هەیە و جەختی لەوەش کردەوە ئامادەن هاوکاری عێراق بکەن''.

راشیگەیاند: ''سەرۆک ماکرۆن پیرۆزبایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ سەردانی پاپا فرانسیس کە سەردانێکی سەرکەوتوو بوو''.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: ''هەردوولا کۆک بووین لەسەر ئەوەی هێشتا هەڕەشەی تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە. هەروەها باسمان لە بابەتی سووریا و پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێکانمان کرد''.

نێچیرڤان بارزانی گووتی: ''سەرۆکی فەرەنسا ئامادەیی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و پشتگیریی لە دانوستانەکان کردووە. نیازم هەیە لەوبارەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران عێراق و سەرۆک کۆماری عێراق و کوتلە سیاسییەکانی عێراق قسە بکەین''.

لەبارەی بودجەی عێراق و ناکۆکییەکان گووتی: ''ئەو شێوە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بە هیچ جۆرێک فیدراڵی نییە و لە دونیا نییە. ئەم سیستمە تاوەکو ئێستا لە عێراق جێگیر نەکراوە''.

روونیشکردەوە: ''هەرێمی کوردستان نەک هۆکاری کێشەکان نییە، بەڵکو ئامادەی هاوکارییە بۆ کێشەکانی دیکەی عێراق''.

راشیگەیاند: ''هیوادارین ئەو رەشنووسەی هەولێر و بەغدا لەسەری رێککەوتن، دەنگی لەسەر بدرێت''.

دوێنی سێشممە، سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، و ژان لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە پاریس کۆبووەوە.