بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار تاكەی بە بەرزی دەمێنێتەوە؟

ئەحمەد سەفار: تا بانكی ناوەندی بڕیارەكە نەگۆڕێت بەھای دۆلار بەرامبەر دینار وەك خۆی دەمێنێتەوە
دیناری عێراقی و دۆلار
دیناری عێراقی و دۆلار

K24 – ھەولێر

پەرلەمانی عێراق لە بودجەی 2021، بەھای یەك دۆلاری بەرامبەر بە 145 دینار پەسند كرد، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، تا بانكی ناوەندی بڕیاری نوێ دەدات بەھای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەمشێوەیە دەمێنێتەوە.

د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی بەشداریكردنی لە گەشتێكی ھەواڵەكانی كوردستان24 رایگەیاند: "بەھای دراوی نیشتمانی كاری پەرلەمان و كوتلەی سیاسیی نییە، بەڵكو دەسەڵاتی بانكی ناوەندییە، كاتێك پەرلەمان بیەوێت دەسەڵاتی خۆی ببەزێنێ لەوبارەوە، بانكی ناوەندی دەتوانێت لە دادگای فیدراڵی تانە لە بڕیارەكە بدات، ئەو بابەتە ھیچ پەیوەندی بە پەرلەمانەوە نییە، بەڵام ھەندێك لایەنی سیاسیی بۆخۆیان كردویانە بە كارتی ھەڵبژاردن و دەیانەوێت بەمە دەنگی خەڵك بە دەستبێنن".

گوتیشی: "ئێمەش لەگەڵ ئەو بڕیارە نەبووین كە دۆلار بەرامبەر دینار بەرز بكرێتەوە، بەڵام ئەوە بانكی ناوەندی بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی داویانە، بۆ راستكردنەوەی ئەو قەیرانە داراییەی عێراق تێیكەوتووە".

سەبارەت بە وادەی گۆڕانكاری لەو بڕیارە، ئەحمەد سەفار گوتی: "ئەو بڕیارە كاری پێدەكرێت تا ئەو كاتەی بانكی ناوەندی بڕیارەكە دەگۆڕێت، بڕیاری دابەزاندن و بەرزكردنەوەی دراو تەنھا لە دەسەڵاتی بانكی ناوەندییە".

لەبارەی كۆنترۆڵكردنی بەھای دۆلار بەرامبەر دینار لە بازاڕەكان، بەپێی ئەو بەھایەی لە بودجەی عێراق پەسند كراوە، ئاماژەی بەوەكرد: "ئەو بابەتە پەیوەندی بە بۆرسە و مامەڵەی بازاڕەوە ھەیە".

لە 20/12/2020 بانكی ناوەندی عێراق بە نووسراوی فەرمی بەھای دیناری بەرامبەر بە دۆلار دیاركرد، كە لە مەودوا دینار بۆ هەر دۆلارێك بەمشێوەیە دەبێت: بەھای یەك دۆلار كڕین لە وەزارەتی دارایی بە 145 دینارە. ھەروەھا فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان لە رێگەی زیادکردنی فەرمی یەك دۆلار بە 146 دینار و فرۆشتنی لەلایەن بانکەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان بە هاووڵاتییان بە 147 دینار.

لە كۆبوونەوەی شەوی رابردوو 31/3/2021 پەرلەمانی عێراق بەھای 100 دۆلاری بەرامبەر بە 145000 دیناری عێراقی لە بودجەی 2021 پەسند كرد.