دەسەڵاتدارانی سعوودیە كەسێكیان دەستگیركرد لە ناو حەرەمی مەككەدا درووشمی پشتیوانی لە داعشی دەگوتەوە

"دەستبەجێ كابراكە دەستگیركرا و راگیرا و رێكارە یاسایییەكان لە بەرامبەریدا گیرانەبەر"
مزگەوتی مەككە
مزگەوتی مەككە

K24 – ھەولێر:

دەسەڵاتدارانی سعوودیە، پێنجشەممە كەسێكیان دەستگیر، كە چەقۆی پێبووە و درووشم و دەستەواژەی پشتوانیكردنی لە داعش دەگوتەوە لە ناو حەرەمی مەككەدا.

ئاژانسی ھەواڵی سعوودیە (واس) لە دەمی گوتەبێژی راگەیاندنی ناوچەی مەككەی پیرۆز گواستووەتەوە، كە گوتوویەتی: "ھێزەكانی ئەمنی مەككە، كەسێكیان دەستگیركرووە، كە چەقۆیەكی پێبووە و دەستەواژەی پشتیوانی لە كۆمەڵە و رێكخراوە تیرۆریستییەكان دەگوتەوە لە دوای نوێژی عەسر لە رۆژی سێشەممەی رابردوو".

گوتەبێژەكە گوتیشی: رووداوەكە لە قاتی یەكەم مزگەوتی مەككەدا روویدا و "دەستبەجێ كابراكە دەستگیركرا و راگیرا و رێكارە یاسایییەكان لە بەرامبەریدا گیرانەبەر".

دەسەڵاتدارانی سعوودیە رەگەزنامەكەی ئەو كەسەیان روون نەكردەوە، كە لە ڤیدیۆیەكەدا دەركەوتووە.

لە میانی چەند كاتژمێری دواییدا، چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكراونەوە، كە تێیدا كەسێك دەردەكەوێت، كە دشداشەیەكی سپیی لە بەردایە و دەستەواژەی پشتیوانیكردن لە داعش دەڵێتەوە، دواتر ژمارەیەك لە پیاوانی ئەمنی سعوودیە و نوێژكاران ھەوڵیان دا دەستگیری بكەن و یەكێكیان كورسییەكی بچووكی تێدەگرێت.