"ئەگەر سەرۆکی حكومەت بەردەوام لەسەر ھێڵ نەبووایە ئەستەم بوو ئەو ڕێکەوتنە بکرێت"

K24 – ھەولێر:
چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی ڕۆڵی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بهدیهێنانی ڕێکكەوتنی ھەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بودجە بەرز نرخاند و رایانگەیاند، ئەگەر سەرۆکی حکومەت بەردەوام لەسەر ھێڵ نەبوایە لەگەڵ لایەنەکان و شاندی دانوستانکاری حکومەتی ھەرێمی كوردستان ئەوە ئەستەم بوو ئەو ڕێكکەوتنە بکرێت.
دواجار پشکی ھەرێمی کوردستان لە ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی ئەم ساڵی عێراق لە پەرلەمانەوە دەنگی پێویستی بەدەستھێنا. ئەمەش دوای مانۆرێکی دورودرێژی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا. سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگی بینیوە لەو ڕێکەوتنە و بەردەوام لەسەر ھێڵ بووە لەگەڵ لایەنەکان و شاندی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان.
ئازاد دۆسکی، چاودێری سیاسی گوتی: "سەرۆکی حکومەت ڕۆلی کارای لەم ڕێكکەوتنە بینیوە لە ھەمووشی گرنگتر ئەوەبوو، جەختیدەکردەوە، کە پێویستە گفتوگۆ و ڕێكکەوتنەکان لە ژێر چەتری دەستوردا بێت؛ بۆیە ئەگەر سەرۆکی حكومەت بەردەوام لەسەر ھێڵ نەبووایە ئەستەم بوو ئەو ڕێکەوتنە بکرێت".
کامەران غەریب، چاودێری سیاسی گوتی: "کەس ناتوانێت نکوڵی لە ڕۆڵی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بکات بۆ ئەو ڕێکەوتنە؛ چونکە ئەو دیدێکی جیاوازی ھەبوو بۆ گفتوگۆکان و ڕۆڵی ئاراستەکەری ھەبوو بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان".
پاش پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ، تیپەڕاندنی یاسای بودجە ئومێدێکی بۆ باشتربوونی پەیوەندی نێوان ھەولێر و بەغدا ھێنایەكایەوە، ھەرچەندە ھێشتا لیستێکی درێژی کێشە و ناکۆکیە ھەڵپەسێردراو و چارەسەر نەکراوەکان ماوە، کە سەرۆکی حکومەت ھیواخوازە پەسەندکردنی یاسای بودجە یارمەتیدەربێت بۆ ئەوەی دڵنایی زیاتر بە ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ببەخشێت.