نرخی زێڕی رەش، دوای بڕیاری "ئۆپێك+"یش لە بارەی بەرھەمھێنانییەوە ھێشتا ھەر بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

نرخی ھەر بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە 64.86 دۆلار
نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە
نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە

K24 – ھەولێر:

وێڕای ھەواڵی گەیشتنی كۆمەڵەی "ئۆپێك+" بە رێككەوتن لە سەر زیادكردنی بەرھەھێنانی نەوت بەشێوەیەكی پەیتا پەیتا لە مانگی ئایارەوە، كەچی ئەمڕۆ ھەینی نرخی نەوت لە بەرزبوونەوە بەردەوام بوو.

ئەمڕۆ كاتژمێر 9:30ی بەیانی بە كاتی ھەولێر، نرخی خامی ئەمەریكایی "رۆژئاوای تێكساسی ناوەڕاست" بەڕێژەی 3.87% بەرزبوویەوە و نرخی ھەر بەرمیلێك نەوت گەیشتە 61.45 دۆلار و دوێنێ نرخی بە بەرزبوونەوەی 3.9% داخرا.

لە كاتێكدا نرخی خامی "برێنت" بەڕێژەی 2.12% بەرزبوویەوە و نرخی ھەر بەرمیلێك گەیشتە 64.86 دۆلار و دوێنێ نرخەكەی 3.4% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەپێی داتاكانی پێگەی "بلۆمبێرگ".

دوێنێ  پێنجشەممە "ئۆپێك+" رێككەوتن لەسەر زیادكردنی بەرھەمھێنانی نەوت لە مانگی ئایاری داھاتوویەوە بەشێوەیەكی پەیتا پەیتا، پاش ئەوەی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا داوای لە سعوودیە كرد نرخی وزە بپارێزێت.

كۆمەڵەكە لەوەتەی نرخی نەوت لە 2020 بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا دابەزیوە، بەرھەمھێنانی نەوتی كەمكردووەتەوە و ئەمڕۆ بڕیاری دا بە زیادكردنی 350 ھەزار بەرمیل رۆژانە لە مانگی ئایارەوە، بەھەمان شێوەش بۆ مانگی حوزەیران و لە مانگی تەمووزیش 400 ھەزار بەرمیلی رۆژانە زیاد دەكرێت.

لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەك جەختیكردەوە، لەوەی سعوودیە تاكو ئێستا باسی لە پلانەكانی لەمەڕ كەمكردنەوە بەرھەمھێنانی خۆبەخشانەی خۆی نەكردووە.

كۆمەڵەی "ئۆپێك+" رۆژانە 7 ملیۆن بەرمیلی بەرھەمھێنانی نەوتی كەمكردووەتەوە بۆ پشتیوانیكردنی نرخی نەوت، سعوودییەش خۆبەخشانە یەك ملیۆن بەرمیلی بەرھەمھێنانی نەوتی كەمكردووەتەوە، واتە 8 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە كەمكراونەتەوە بۆ بەرزكردنەوە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیھان.