ئێران ئامێری پێشکەوتووی پیتاندنی یۆرانیۆمی زیادكردوه
K24 – ھەولێر:
به گوێره‌ی راپۆرته بڵاوكراوەكانی "بلومبێرگ"، پشتبه‌ستوو به گۆڤاری پۆلیتیكۆ، ئیدارەی بایدن، له ماوه‌ی ھەفته‌ی رابردوودا سه‌رقاڵی خێراكردنی ڕه‌وتی دیالۆگ بوون له‌گه‌ڵ تاران و پێشنیازی هه‌ڵگرتنی به‌شێك له سزا ئابوورییه‌كانیان لە سەر ئێرانیان كرد له‌به‌رانبه‌ر ئەوەی تاران واز له به‌كارهێنانی سەنتەر فیوچە پێشكه‌وتووەكان و پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆمی بهێنێت و بەڕێژەی 20% بەس بكات.
ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی واشنتن له كاتێكدایه، ئاژانسی رۆیته‌رز له زمانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گواستووەتەوە، ئێران له نوێترین هه‌نگاویدا به پێچه‌وانه‌ی رێكه‌وتنی ناوەكی له‌گه‌ڵ وڵاتانی 5+1 لە ساڵی 2015، ئامێری پێشکەوتووی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە بنگەی ناوەكی "نه‌ته‌نز"ی جێگیركردوه.
به پێی زانیارییه‌كانی ئاژانسی نێودوڵەتی وزه‌ی ناوەكی، تاران ئامێری پێشکەتووی"" IR-2ی بەکار هێناوە. ڕاپۆرته‌كه‌ی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نهێنییه و رۆژی پێنجشه‌ممه بە ده‌ست ئاژانسی رۆیته‌رز كه‌وتوه و تێیدا هاتووه: "له رێكه‌وتی 31ی مانگی ئاداری 2021 دا، به‌شی پیتاندنی یۆرانیۆم ئەو راستییه‌ی سه‌لماندوه، كە ئێران دەستیکردووەتەوە بە پێدانی سروشتی UF6 بۆ پڕکردنی 174 سەنتەرفیوچ لە جۆری"" IR-2.
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م زانیارییانه له كاتێكدایه، دوێنێ نێد پرایس، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد، كەوا له گفتوگۆی بەردەوامدا بوونە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیکە ھەوڵ بدەن هه‌موو لایه‌ك پابەند بن به رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 و ئه‌مەریكاش بگه‌ڕێته‌وه ناو رێكه‌وتنه‌كه.
به گوێره‌ی ڕاگەیاندراوی یەکێتی ئەوروپا، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، وڵاتانی چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، رووسیا، بەریتانیا و ئێران لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی کۆدەبنەوە.
چاوه‌ڕێ ده‌كرێت بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م زانیاریانه‌ی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزه‌ی ئه‌تۆمی، كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه ھەبێت و زۆرینه‌ی لایه‌نه‌كان به تێكرا داوا بكه‌ن ئێران ده‌ست له پێشلكردنی ماددەكانی رێكه‌وتنی ناوەكی بهێنێت.
لە مانگی تەمووزی ساڵی 2015، رێككه‌وتنی وڵاتانی 5+1 له ڤیه‌ننا هاته ئاراوه، كه ئێرانی ناچار ده‌كرد ده‌ست هه‌ڵگرێت له په‌ره‌پێدان به به‌رنامه ناوەكییه‌كه‌ی، بەڵام دۆناڵد تره‌مپ له مانگی ئایاری ساڵی 2018دا، یه‌كلایه‌نه له‌و رێككه‌وتنه هاته ده‌رەوە و سزای توندی ئابووریی به‌سه‌ر تاران‌دا سه‌پاند.
ئیدارەی بایدن له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونیه‌وه رایگه‌یاندووه: "ئه‌گه‌ر ئێران نیازپاكی خۆی نیشان بدات و خاڵه‌كانی رێكه‌وتنه‌كه جێبه‌جێبكات و ده‌ست له پشتیوانی تیرۆریزم هه‌ڵگرێت، ئه‌مەریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو رێككه‌وتنه‌كە."
یه‌كێتی ئه‌ورووپا و به‌ریتانیا، له‌گه‌ڵ ئه‌م سیاسه‌ته‌ی واشنتن له هه‌مبه‌ر ئێران هاوهه‌ڵوێستن.