مه‌یاده نه‌جاڕ: تا دواساتی په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه، سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌سه‌ر هێڵ بووه
K24 - هه‌ولێر:
مه‌یاده نه‌جاڕ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، "مه‌سرور بارزانی"، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆڵێكی گرنگی بۆ رێككه‌وتن و په‌سنكردنی پشكی هه‌رێم هه‌بوو، توانی به سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی شكست به هه‌وڵی ئه‌وكه‌سانه بنێت، كه ده‌یانویست هه‌رێم سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت له جێگیركردنی پشكه‌كه‌ی".
مه‌یاده نه‌جاڕ گوتی: "مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به سیاسه‌ته حه‌كیمانه‌كه‌ی گه‌یشته ئه‌و بڕوایه‌ی شاندێك به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆ و دانووستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی به‌غدا پێكبهێنرێت، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی هات، كه سه‌رۆكی حكومه‌ت زه‌مینه‌سازییه‌كی كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی پێشوازی له شاند دانووستانكاری هه‌رێم بكرێت".
گوتیشی: "شاندنی دانووستانكاری هه‌رێمی كوردستان (25) سه‌ردانی بۆ به‌غدا كردووه، له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانی سوننی و شیعییه‌كان دانیشتوون و گفتوگۆیان كردووه، تا به ئه‌نجامێكی باش بگه‌ن، به سوودی هه‌رێمی كوردستان و شه‌قامی عێراقیش بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاو به هه‌نگاو له‌سه‌ر هێڵ بووه له‌گه‌ڵ شانده‌كه و دوای گه‌ڕانه‌وه‌شیان له‌به‌غدا، كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی له‌گه‌ڵ ئه‌نجام داون، بۆئه‌وه‌ی بتوانرێت چاره‌سه‌ری گیروگرفته‌كان بكرێت، تا دواسات و ته‌نانه‌ت له‌كاتی ده‌نگدانیش له‌سه‌ر په‌سندكردنی بودجه، سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و هێزه شیعییه‌كان له‌سه‌ر هێڵ بووه.
مه‌یاده نه‌جاڕ ئاماژه‌ی به‌وه كرد، " له رووی ئه‌منی و ئابووریشه‌وه رێككه‌وتن له‌م كاته‌دا زۆر قورس بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له‌به‌رده‌می هێزه سووننی و شیعییه‌كانه، بۆیه ئه‌وان له خاڵێكی لاواز ده‌گه‌ڕان، تا بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی به‌كاریبهێنن، پێشتر رێككه‌وتن زۆر ئاسانتر بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێزه شیعییه‌كان دوو بۆچوونیان هه‌بوو، هه‌ندێكیان سه‌ر به "قوم" بوون و هه‌ندێكی دیكه‌یان سه‌ر به نه‌جه‌ف بوون، ده‌توانین بڵێین خاوه‌نی دوو رای جیاواز بوون، ته‌نانه‌ت له‌ناو شیعه‌كانی نه‌جه‌ف، (15) بۆچوونی جیاواز هه‌یه، ئه‌وان یارییه‌كی سیاسی‌یان له‌سه‌ر شه‌قامی عێراق ده‌كرد، هه‌رچه‌نده نه‌یانده‌ویست رێككه‌وتن بكرێت، به‌ڵام به سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌ونه‌كه كرا".
سه‌باره‌ت به رۆڵی "مه‌سرور بارزانی"، له دانووستانه‌كاندا، مه‌یاده نه‌جاڕ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سیاسه‌تێكی نه‌رمونیان و حه‌كیمانه‌ی به‌كارهێنا، به‌تایبه‌تی له‌م كاته‌دا، كه ره‌وشی عێراق ئالۆزه، ده‌رچووان له یاسا ماوه ماوه ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له شه‌قامه‌كانی به‌غدا ده‌كه‌ن، په‌رته‌وازه‌ییه‌كی زۆر له‌ناو شیعه‌كان به‌دی ده‌كرێت، بۆیه مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ شیعه‌دا له‌م كاتوساته‌دا و رێككه‌وتن له‌م دۆخه‌دا، سه‌ركه‌وتنێكی زۆر گه‌وره‌یه، شاندنی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌ت توانیان هه‌نگاو به هه‌نگاو سیاسه‌تێكی وا بخوڵقێنن، كه بتوانرێت رێككه‌وتنی تێدا ئه‌ندام بدرێت".
مه‌یاده نه‌جاڕ روونیكرده‌وه، "گه‌نده‌ڵی له عێراق باڵی به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌كانی حكومڕانیدا كێشاوه، چه‌ند لایه‌نێك كۆنترۆڵی عێراقیان كردووه و ده‌یانه‌وێت به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن، بارودۆخه‌كه زۆر ناله‌باره، رۆژ دوای رۆژ به‌ره‌و تونێلێكی تاریكدا ده‌ڕوات، به‌ڵام سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی شانده‌كه‌وه، رایسپاردن شه‌فافیه‌ت و متمانه بكه‌نه بنه‌ما و كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، بۆیه هه‌رچی داتا و زانیاری هه‌بووه، به دۆسیه پێشكه‌شی حكومه‌تی عێراقی كراوه، دواتریش راده‌ستی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كراوه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه، توانرا پشكی هه‌رێمی كوردستان به رێژه‌ی (12.67%)ی بودجه جێگیر بكرێت".
له‌باره‌ی دژایه‌تیكردنی هه‌ندێك لایه‌نی كوردی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئاشكرای كرد، "ئه‌و لایه‌نه كوردییانه‌ی دژایه‌تی پشكی هه‌رێمیان ده‌كرد، به‌هه‌مان شێوه‌ی لایه‌نه عێراقییه‌كان، مه‌به‌ستیان بوو ره‌وشه‌كه بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بیقۆزنه‌وه، كه ده‌یانویست هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت له سه‌ر جێگركردنی پشكی هه‌رێم، كه ئه‌م كاره‌یان زیاتر بۆ خزمه‌تی لایه‌نی دیكه‌بووه، هه‌رچه‌نده ئه‌وان چه‌ند ده‌نگێكی نه‌شاز و لاوازن بوون، كاره‌كه‌یان بۆئه‌وه بوو شكستی خۆیانی پێداپۆشن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچیان بۆ هاووڵاتیانی كوردستان نه‌كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش یه‌كڕیزی كورد له به‌غدا جیگای ده‌شتخۆشییه".
د.ی