رۆژانە 100 كەس لە ھەولێر بە ڤاكسینی كۆرۆنا دەكوترێن

ھاووڵاتییان دەتوانن بە ئۆنلاین خۆیان ناونووس بكەن
سەنتەری پێدانی ڤاكسین لە ھەولێر
سەنتەری پێدانی ڤاكسین لە ھەولێر

K24 – ھەولێر

ھەڵمەتی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا لە ھەولێر بەردەوامە و رۆژانە 100 كەس دەكوترێن، لە سبەی رۆژی یەكشەممەوە ناونووسین بە ئۆنلاین بۆ لێدانی ڤاكسین دەسپێدەكات.

لیندا موحسین، سەرپەرشتیاری سەنتەری پێدانی ڤاكسین لە ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "سبەی لینكی ئۆنلاین بۆ ناونووسینی ھاووڵاتییان بۆ كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا دەستپێدەكات، ھەر ھاووڵاتییەك دەتوانێت لە نزیكترین بنكەی نزیك لە ماڵەكەی خۆی ڤاكسین وەربگرێت".

گوتیشی: "رۆژانە 60 تا 100 كەس بە ڤاكسین دەكوترێن. تائێستا 150 كەس بە ڤاكسینی (ئەسترازێنیكا) و نزیكەی 400 كەسی دیكەش بە ڤاكسینی سینۆفارم كوتراون".

سەرپەرشتیاری سەنتەری پێدانی ڤاكسین لە ھەولێر روونیكردەوە: "ئێستا دەتوانین كەسانی تەمەن سەرووی 60 ساڵ بە ڤاكسین بكوتین، پێشتر نەماندەتوانی بە ڤاكسینی سینۆفارم بیانكوتین".

راشیگەیاند: "ئەو كەسانەی بە ڤاكسین گوتراون، تائێستا ژیچ كێشەیەكیان نەبووە، دوای 8 كاتژمێر لێدانی ڤاكسین ئەو كەسە تایەكی كەم دەگرێت و دەلەرزێت، تەنھا حەبی پاراستۆڵ و ھیچ كێشەیەكی نابێت".

بۆ یەكەمجار لە 4/3/2021، ھەڵمەتی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان دەستیپێكرد و لە سەرەتاشدا كوتانی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی كوتران، تائێستاش ھەڵمەتەكە بەردەوامە.

رۆژی 2/3/2021 كاروانی یەكەمی ڤاكسینی سینۆفارم-ی چینی گەیشته‌ ھەرێمی كوردستان، كە 5 ھەزار پێكوتە بوو. دواتر لە 26/3/2021، كاروانێكی دیكەی ڤاكسین لە جۆری (ئەسترازێنیكا)ی بەریتانی گەیشتە ھەرێمی كوردستان كە 43 ھەزار و 800 ژەم ڤاكسینە.