بۆری ئاوی ئیفراز 3ی ھەولێر چاككرایەوە و ئاو بۆ گەڕەكەكان بەردەدرێتەوە

K24 – ھەولێر
دوێنێ بۆری ئاوی ئیفراز 3ی ھەولێر شكا، دوای 24 كاتژمێر بۆریەكە چاككرایەوە و ئێوارەی ئەمڕۆ ئاو بۆ زۆربەی گەڕەكەكان بەردەدرێتەوە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "ئەمجارە بۆریەكە بەھۆكارێكی تەكنیكی شكابوو، واتا ھیچ شتێكی بەرنەكەوتووە، دوای 24 كاتژمێر تیمەكانی چاككردنەوە توانیان بۆریەكە چاكبكەنەوە".
گوتیشی: "پێشبینی دەكەین بۆ كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ پڕۆژەكە بكەوێتەوە و كار و دوای كاتژمێر 6ی ئێوارە دەتوانین ئاو بۆ 50%ی گەڕەكەكان بەربدەینەوە، كە بەھۆی شكانی بۆریەكە بێ ئاو بوون".
سەبارەت بە دووبارە بوونەوەی ئەو كێشەیە، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان، روونیكردەوە: "لێكۆڵینەوەمان لەسەر شكانی ئەو بۆریە كردووە، تائێستا 16 جار شكاوە، 12 جار بە ھۆكاری بەركەوتن و 4 جار بەھۆی كێشەی تەكنیكی. بەپێی لێكۆڵینەوەكان ئەو بۆریە یەكێكە لە بۆریە باشەكان، بەڵام بەرگەی بەركەوتنی دەرەكی ناگرێت، ھەروەھا ئەو بۆریە تایبەتمەندی خۆی ھەیە ناتوانرێت لەحیم بكرێت، تەنھا دەبێ ببڕدرێتەوە و بە پارچە چاكبكرێتەوە، ئێستا سەرقاڵی دیزاینێكین بۆ گۆڕانكاری لە شوێنی بۆریەكە، بۆ ئەم مەبەستەش دەرخستەیەك دراوەتە وەزارەتی شارەوانی، ھەركاتێك رەزامەندی درا، ھەم جۆری بۆریەكە دەگۆڕین ھەمیش شوێنی بۆریەكە، كە كەوتووەتە شوێنیكی قەرەباڵغ و فشاری لەسەرە".