بڕیاری 666 ئەو نەفرەتەی بەر كوردانی فەیلی كەوت

عێراق لە ساڵی 1970وە دەستی بەھەڵمەتەكانی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی كرد

K24 - ھەولێر:

لە ساڵی 1980، رژێمی بەعس لە سەردەمی سەدام حوسێن دا، بڕیاری 666ی بە مەبەستی لە نێوبردنی كوردانی فەیلی دەركرد، بەپێی ئەو بڕیارە رەگەزنامەی عێراقی لە ھەر عێراقییەك سه‌ندرایەوە، كە بنەچەی بیانی بێت، یان پابەندی ئامانجە باڵاكانی "نیشتمان و نەتەوە و شۆرش" نییە.

ئەو بڕیارە بە ئامانجكردنی كوردانی فەیلی لێكەوتەوە، زنجیرەیه‌ك ھەنگاو و سزا و رێكار گیرانەبەر، گشتیان بەیەكەوە گەورەترین تاوانی قیزەونی رژێمی پشوویان دژ بە كوردانی فەیلی ھینایەكایەوە.

رژێمی پێشوو، بەو بڕیارە، كوردانی فەیلی بەچڕی كردە ئامانج بۆ لەناوبردنیان بەتەواوی، ئەوەش بەپێی یاسای نێودەوڵەتی تاوانی قڕكردن و جینۆساید بووە، كە كەمینەیەك بەھۆی دایك و باوكیانەوە، بە بەخیانەتكار بناسرێن، دواتر رەگەزنامەیان لێبسەندرێتەوە، بەھەزارانیان لە وڵات دووربخرێنەوە، دەست بگیرێت بەسەر ماڵ و موڵكیان. تەنانەت لێكجیابوونەویان بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە هاوسه‌راندا سەپاندن.

ئەو تاوانە گەورەیەی دژ بە كوردانی فەیلی، مێژووەكەی تەنھا لە سەدامەوە دەست پێناكات، بەڵكو پێش ئەویش سەرۆكی پێشووتری عێراق، ئەحمەد حەسەن بەكر لە ساڵی 1970 دەستپێشخەر بوو.

دوای ئەو رێكارانەی لە ئەنجامی بەدوای یەكتردا ھاتن، ئاشكرابوو، كە كوردی فەیلی كراونەتە ئامانج، ته‌نیا لە بەر ئەوەی كوردن و داوتریش شیعەن. ھەروەھا بەھۆی ئەوەی كوردانی فەیلی لە چوارچێوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لە عێراق چالاك بوون، چونكە لەو كاتەدا سەدام زەمینەی بۆ دژایەتیكردنی ئێران خۆش دەكرد و خۆی ئامادە دەكرد بۆ شەڕكردن دژ بە ئێران.

ھەڵمەتی بە ئامانجكردنی فەیلییەكان لە ساڵی 1970 دەستیپێكرد، ئۆپەراسیۆنەكانی گرتن و بێسەروشوێنكردنی ژمارەیه‌ك لە كوردانی فەیلی لە ناوچە جیاجیایەكانی عێراق دەستپێكرد، ژمارەیەكی زۆریان بەرەوە ئێران دوورخرانەوە، كە بریتیبوون لە ھاووڵاتیانی ئاسایی، ئەكادیمی، چالاكوانان، بازرگان و كەسانی دیكەشی لەخۆ دەگرت. رژێمی بەعس لە میانەی شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق و ئێران، زۆر ژن و مێردی‌ فەیلییان ناچار كرد لەیەكتر جیا ببنەوه‌. سته‌مكاریی گەیشتە رێگرییكردنی  قوتابیانیان لە درێژە دان بە خوێندنی زانكۆ.

فەیلییەكان زۆر لەمێژە ھەر لەو ناوچانەی عێراق نیشتەجێن و لە ھەندێك ناوچەی دیكەی ئێرانیش دەژین، پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی نوێ و پێش دامەزراندنی حزبی بەعس، ھەر لەو شوێنانە بوونە. لە عێراقدا فەیلییەكان لە بەسرە و لە ناوچەكانی سنووری تا دەگاتە پارێزگاكانی دیكەی باشووری عێراق و بەغدا، تا دەگاتە سلێمانی و ناوچەكانی دیكە ھەن.

بەپێی بڕیاری 666، تاوانەكە "بەیاسایی كرا و رەوایی پێدرا" ھەڵمەتەكانی دژ بە كوردانی فەیلی لەو ناوچانەی تێیدا دەژیان بەدوای یەكتردا ھاتن. ئەو كاتیش كەم خەڵك ھەبوو دەیزانی ئەو تاوانانە ئەنجامدراون، تەنانەت یەك دەنگیش لە ھەموو جیھان بۆ رێگەگرتن، یان سەركۆنەكردنی ئەو تاوانانە بەرز نەكرایەوە.

بەڵگەنامەكان ئاشكرای، جگە لە لێسەندنەوەی رەگەزنامەی عێراقی، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵكەكانیان، دورخستنەوەیان بەرەو ئێران بەبیانووی ئەوەی سەر بە ئێرانن، زیندانیكردن و بێسەروشوێنكردنی بەدەیان ھەزار لە گەنجەكانیان، كە تەمەنیان لە نێوان 17-35 ساڵدا بوو، چەكی كیمیاویشیان لەسەر تاقیكراوەتەوە، بەپێی بەڵگەنامەكانی دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003.

جێگەی داخە لەو كارەساتانەی به‌سه‌ر كوردانی فەیلیدا هاتووە، تا ئێستا ژمارەی راستەقینەی قوربانیانی ئەو تاوانەی جینۆساید دەستنیشان نەكراوە، چونكە ھەندێك خێزان بە تەوای لەناوبراون، یان بێسەرشوێنن و ھیچ شتێك لە بارەی چارەنووسیان نازانرێت.

ژمارەی جیا جیا لە بارەی قوربانیانی فەیلی دەخرینەڕوو، ھەندێك دەڵێن 70 ھەزار تا 600 ھەزار كەس دوورخراونەتەوە بۆ ئێران. كەچی كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت، %65 لەو 20 ھەزار پەنابەرەی لە ئێران ھەن، كوردی فەیلین و بەزۆر دوورخراونەتەوە لە ماوه‌ی جینۆسایدكردنیان، بەڵام ئەو داتایەی نەتەوە یەكگرتووەكان هی ساڵی 2003یە.

لێكەوتەكانی جینۆسایدكردنی فەیلییەكان تا ئێستا كۆتاییان نه‌هاتووە، دەوڵەتی نوێی عێراقی لە ساڵی 2003وە تاكو ئێستا ئەوەی پێویست بووە بۆ چارەسەركردنی لێكەوتە تاوانییەكانی جێبەجێكردنی بڕیاری 666 نەی كردووە.

ھەرچەندە زۆر لە كوردانی فەیلی رەگەزنامەی عێراقییان وەرگرتۆتەوە، بەپێی ئەوەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی لە ساڵی 2010 رایگەیاندووە، بەڵام ژمارەیەكی زۆریان بێسەروشوێنن، نازانرێت ھەندێكیان بەرە كۆێ كۆچیان پێكراوە. ھەروەھا زەوی و زار و ماڵ و موڵكەكانیان، كە رژێمی پێشوو بەسەر پیاوەكانیدا دابشیكردوون، تا ئێستا بۆیان نەگەڕێندراوەتەوە و ھەر داگیركراون.

چارەنووسی ھەزاران، ئەگەر دەیان ھەزار نەبێت لە كوردانی فەیلی، تا ئێستا ئاشكرا نییە، چ لەوانەی لە دوای ھەڵمەتەكانی دەستگیركردن لە ساڵەكانی حەفتا و ھەشتاكان ونبوونە، یانیش لەوانەی بە كۆمەڵ كوژراون و خانەوادەكانیان بە تەواوی لەناوچوونە.

ئەو بێ خەمیەی رژێمی نوێی عێراق، تەنھا بەرامبەر بە كەیسی جینۆسایدی فەیلییەكان نییە، بەڵكو بەرامبەر گشت تاوانەكانی رژێمی پێشووە بەرامبەر بە گەلی كوردستان، لەوانەش ھەڵەبجە، ئەنفال، جینۆسایدی فەیلییەكان... هتد.

 ئۆمێدێك لە بڕیارەكەی دادگای تاوانی عێراقیدا ھەبووە، كە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2010 ئەو تاوانەی بە "جینۆساید" و "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی" ناساند، ھەروەھا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە كۆی دەنگ لە كۆبوونەوەی 1/8/2011 ئەو تاوانەی وەك "جینۆساید" راگەیاند.