كابینه‌ی نۆیه‌م سیاسه‌تی سازشكردنی ره‌تكرده‌وه‌

هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌رداری مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی‌ نه‌بوو
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

ھەر لەسەرەتاوە لایەنەکانی عێراق ھەوڵیان دەدا، کە لە بەرامبەر چەسپاندنی شایستە داراییە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی پڕۆژه‌یاسای بودجەدا لە بوارێکی دیكه‌ سازش بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکات، بەڵام سیاسەتی حکومەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی "مەسرور بارزانی" ئەوەبوو، کە لەبەرامبەر چەسپاندنی شایستە داراییەکانی کوردستان تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەدا دەست لە ھیچ مافێکی دەستووری خۆی ھەڵناگرێت و سەرئەنجامیش ھەر ئەم سیاسەتە سەرکەوت.

ھەرکاتێك بەغدا بیانوو بە ھەرێمی کوردستان بگرێت، ویستویەتی لە رێگەی شەڕی بودجە و مووچەوە سەرجەم مافە دەستورییەکانی ھەرێمی کوردستان پێشێل بکات و لە بوارەکانی دیكه‌شدا سازش بە کورد بکات، بەڵام دۆخەکە ئەمجارە تەواو جیاواز بوو، چونکە "مەسرور بارزانی" سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادە نەبوو لەبەرامبەر دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان سازش لەسەر ھیچ مافێکی دەستووری کورد بکات، دواتر ھەر ئەم سیاسەتەش سەرکەوت، ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، سەرۆکی حکومەت پیاوی دەوڵەتە و لەکاری پەرلەمان و دامەزراوەکان تێگەشتووە، بۆیە لە کۆتایدا لەبەرامبەر دابینکردنی شایستە داراییەکان ھیچ مافێکی دیکەی کورد لەبەغدا پێشێل نەکرا.

بە بڕوای شارەزایانی بواری یاسا، سەرۆکی حکومەت ھەر ئەو کاتەی کە کابینەکەی دەستبەکاربوو، دەرگای گفتوگۆی لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەکی جیاواز و سەرکەوتووانە کردەوە، ھەر ئەوکاتیش ئەوەی پێڕاگەیاندوون، ئامادەیە لەسەر مێزی گفتوگۆ و بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام ھیچ کات ئامادە نەبووە لە بەرامبەر ھیچ شتێکدا سازش لەسەر مافەکانی کورد بکات.

چاودێران و شارەزایانی بواری یاسا و دەستوور نایشارنەوە ھەوڵەکانی سەرۆکی حکومەت بۆ پەسەندکردنی پشکی کورد لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق تەنیا دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان نەبوو لە بەغداوە، بەڵکو لە ھەمووی گرنگتر پاراستنی قەوارەی سیاسیی خەڵکی کوردستان بوو، بێ سازشکردن لە مافەکانی دیکە لە بەرامبەر شەڕی بودجە و مووچەدا.

د.ی