لەسەر ئەرک و راسپاردەی مەسرور بارزانی دیار رەحمان رەوانەی ئەمریکا دەکرێت

دیار رەحمان
دیار رەحمان

دیار رەحمان یاریزانی ناسراوی کوردستان کە ماوەیەکە بە نەخۆشییەکی دەگمەن دەناڵێنێت، لەسەر ئەرک و راسپارەی مەسررور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەوانەی ئەمریکا دەکرێت.
دێدەوان رەحمان، برای دیار رەحمان بە کوردستان24ی راگەیاند 'لەسەر ئەرک و راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ماوەیەکە نوسینگەی بەڕێزیان لەگەڵمان لەسەر هێڵن بۆ دۆزینەوەی نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەرکردنی کاپتن دیار رەحمان، کاتژمێر 05:00ی بەرەبەیانی یەکشەممە دیار رەحمان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو ئەمریکا بەڕێ دەکەوێت و تەواوی رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزا و خەرجییەکانی بۆ رێکخراوە، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە هەرزوو لەسەر راسپاردەی بەڕێزیان بەدواداچوون بۆ تەندروستی دیار رەحمان کراوە'.

هەروەها برایەکەی دیار رەحمان گوتیشی 'لەو نەخۆشخانەیەی لە شاری ئەریزۆنا لە ئەمریکا کە دیار رەحمانی سەردانی دەکات پێیان گوتین لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو پێنج هەزار نەخۆشی لە شێوەی نەخۆشییەکەی دیار رەحمانمان چارەسەر کردووە'.

دیار رەحمان کە تاکە یاریزانە لە مێژووی خولی نایابی کوردستان پێنج جار بووەتە پاڵەوان، پێشتر یاریی بۆ یانەکانی برووسک، نەفتی وەسەت، هەولێر و کەرکووک کردووە و نزیکەی چوار ساڵە بەدەست نەخۆشییەکی دەگمەن دەناڵێنێت و بەمهۆیەوە لە یاریکردن دابڕاوە.