لەبارەی شەپۆلی گازی ژەھراوی ھۆشداری دەدرێتە ھاووڵاتییان

ئەمڕۆ شه‌پۆلێكی گازی ژەھراوی دەگاتە ئاسمانی ھەرێمی کوردستان
ئاسمانی ھەولێر - ئەرشیف
ئاسمانی ھەولێر - ئەرشیف

K24 – ھەولێر

وتەبێژی دەستەی ژینگەی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، شەپۆلێكی گازی ژەھراوی دەگاتە ئاسمانی ھەرێم و پێویستە ھاووڵاتییان خۆیان بپارێزن بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشی (رەبۆ)یان ھەیە.

ئەحمەد محەمەد، وتەبێژی دەستەی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "ئەو شەپۆلە گازی دوانه‌ئۆكسیدی گۆگردە (So2) لە وڵاتی ئیتالیاوە بەھۆی بوركانەوە دروستبووە و بەگوێرەی ئاراستەی با روو لە چەند وڵاتێك دەكات، كە عێراق و ھەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، چاوەڕوان دەكرێت لە 24 تا 48 كاتژمێری داھاتوو بگاتە ھەرێمی كوردستان".

گوتیشی: "ئەگەر لە كاتی ھاتنی ئەو شەپۆلە گازەی ژەھراوی باران ببارێت دەبێتە ھۆكارێك بۆ بارانی ترشەڵۆك، بەڵام ئەم دوو رۆژە لە ھەرێمی كوردستان باران نابارێت".

روونیكردەوە: "شەپۆلەكە كاریگەری دەبێت لەسەر مرۆڤ و ژینگە، بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشی رەبۆ یان ھەستیاری پێستیان ھەیە، ئێستا كە خەڵك بەھۆی كۆرۆنا ماسكیان بەستووە، پێویستە ھەموو كەس ماسك ببەستن بۆ ئەوەی كاریگەری نەبێت".

سەبارەت بە ماوەی مانەوەی ئەو شەپۆلە لە ئاسمانی ھەرێمی كوردستان، دەستەی ژینگە گوتی: "مانەوەی شەپۆلەكە پەیوەندی بە خێرایی با ھەیە، ئەگەر خێرایی با زیاتر بێت شەپۆلەكە زووتر تێدەپەڕێت، گەیشتنیشی بۆ ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بەھەمانشێوە پەیوەندی بە خێرایی با ھەیە".

داوای لە ھاووڵاتییانیش كرد: "ئەگەر زۆر پێویست نەبێت لە ماڵ نێنە دەرەوە، چونكە بە جۆرێك لە جۆرەكان كاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت، ھەروەھا پێویستە ھاووڵاتییان ماسك ببەستن، وەك چۆن ئێستا زۆربەی خەڵك بەھۆی كۆرۆنا ماسك دەبەستن".