فێستیڤاڵی بەهارە لە سلێمانی لە کارەکانی بەردەوامە

بە بەشداری (220) کۆمپانیا و کارگە و گرووپی کاری دەستی فێستیڤاڵه‌كه‌ بەڕێوەدەچێت
فێستیڤاڵی به‌هاره‌ له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت
فێستیڤاڵی به‌هاره‌ له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

K24 - هه‌ولێر:

به‌ئامانجى ناساند و ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ شارى سلێمانى  فێستیڤاڵى به‌هاره‌ به‌رده‌وامه،‌ كه‌ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ به ‌به‌شدارى زیاتر له‌ (220) كۆمپانیا و كارگه ‌و چه‌ندین گرووپى كارى ده‌ستى كراوه‌ته‌وه، ئه‌مانجى فێستیڤاڵه‌كه‌ ناساندنى زیاترى كارى ئه‌و گه‌نجانه‌یه،‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت  له‌ رێگاى درووستكردنى براندى ناوخۆیی ببنه‌ هۆى به‌ره‌و پێشچوون و به‌رزبونه‌وه‌ى ئاستى گه‌نجان له‌بوارى كار و ئابوورى له‌ كوردستاندا.

خه‌له‌ف محه‌مه‌د، زیاتر له‌ (30) ساڵه، له‌ دوكانێكى بچووك له‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ به‌رهه‌مى جوتیارانى گونده‌كانى سنووره‌كه‌ى   ده‌فرۆشێت، پیشه‌كه‌ى له‌ باوكیه‌وه‌ بۆماوه‌ته‌وه‌ و له‌هه‌ر فێستیڤاڵێك بۆ ناساندنى به‌رهه‌مى ناوخۆیى له‌ شاره‌كانى كوردستان بكرێته‌وه،‌ به‌ به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كانى به‌شدار ده‌بێت و هه‌لى ساغكردنه‌وه‌ ده‌ڕه‌خسێنێت.

به‌رهه‌مه‌ به‌شدارپێكراوه‌كانى فێستیڤاڵى به‌هاره‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌ن، زیاتر گرنگى دراوه‌ به‌و به‌رهه‌مانه‌ى له‌ناوخۆدا به‌رهه‌م ده‌هێنرێن و سرووشتین، له‌هه‌مانكاتدا رۆڵى ئه‌و گه‌نجانه‌ش له‌بیرنه‌كراوه،‌ كه‌ خاوه‌نى براند و  به‌رهه‌مى خۆیانن، تاكو فستیڤاڵه‌كه‌ ببێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ ناساندنى كاره‌كانیان.

گوڵان لیوان، روێژكارى به‌بازاڕكردن له‌ فێستیڤاڵى به‌هاره‌ گوتی: "هه‌وڵمانداوه‌، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی ناوخۆیین له‌ كارگه‌ و كۆمپانیاكان، گرنگی تایبه‌تیان پێبده‌ین، بۆئه‌وه‌ی له‌ فێستیڤاڵی به‌هاره‌ به‌شدار بن و ئاشنا بن به‌ كڕیاره‌كانی خۆیان، جگه‌ له‌وه‌ش، ژماره‌یه‌ك كوڕ و كچی گه‌نجمان هه‌یه‌، كه‌ خاوه‌نی براندی خۆیانن، هاوكاریان بووین بۆئه‌وه‌ی بتوانن كاڵاكانیان له‌ هاووڵاتیان بناسێنن".

فێستیڤاڵى به‌هاره،‌ بۆ ماوه‌ى (3) ساڵه به‌ به‌شدارىكردنى چه‌ندین كۆمپانیا و كارگه‌ و به‌رهه‌مهێنه‌رى ناوخۆیی له‌ شارى سلێمانى ده‌كرێته‌وه،‌ ئامانج له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ هه‌م ناساندن و ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى ناوخۆییه‌كانه،‌ هه‌م به‌ ره‌چاوكردنى بارودۆخى دارایى هاووڵاتیان توانراوه‌ داشكاندن بۆ نرخى  زۆربه‌ى كاڵا و به‌رهه‌مه‌كان بكرێت.

د.ی