تاران: گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی تەنھا بە یەك ھەنگاو دەكرێت

ئەو ھەنگاوە ھەڵگرتنی تەواوی شێوەكانی سزاكانە
ئاڵای ئێران
ئاڵای ئێران

K24 – ھەولێر:

عەباس عیراقچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جواد زەریف جەختیكردەوە، "گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی تەنھا بە یەك ھەنگاو دەكرێت". ئاماژەشیكرد، ئەو ھەنگاوە "ھەڵگرتنی تەواوی شێوەكانی سزاكانە".

عەباس عیراقچی گوتی: "ئێمە ھیچ پێشنیازێك قەبوڵ ناكەین بۆ گەڕانەوە بەرەو رێككەوتنەكە لە سەر بنەمای ھەنگاو بەرامبەر بە ھەنگاو"، ئاماژەشیكرد، "مەرجی ئێران بۆ گەڕانەوە بەرەو رێككەوتنی ئەتۆمی ئەوەیە، كە یەكەم جار واشنتن پابەندییەكانی خۆی جێبەجێبكات و سزاكان ھەڵگرێت، ئەوسا ئێران لێكۆڵینەوە لەو كارەی ئەمەریكا دەكات و دەگەڕێتەوە بۆ سەر پابەندییەكانی".

عیراقچی گوتیشی: "ھیچ دانوستانێكی راستەوخۆ یان نا راستەوخۆ لە ڤییەنا لەگەڵ ئەمەریكا روونادات"، روونیشیكردەوە، "ئێران ئەو كاتە رێڕەوی گەڕانەوە بەرەو رێككەوتنی ئەتۆمی دەگرێتەبەر كاتێك دەوڵەتان 4+1 توانییان واشنتن قایل بكەن بە مەرجەكانمان (مەرجەكانی ئێران)".

سەبارەت بە جۆری دانوستانەكان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "دانوستانەكان لە ڤییەنا بە تەواوی تەكنیكی دەبن، تاران ئەو سزایانە گفتوگۆ دەكات ئەوانەی دەبێت لابدرێن و ئەو رێكارانەی پێویستن پەیڕەو بكرێن و رێكبخرێن". لە قسەكانی بەردەوام بوو و گوتی: "لەگەڵ دەوڵەتانی 4+1 لە لیژنەی ھاوبەشی رێككەوتنی ئەتۆمی گفتوگۆدەكەین، داواكاری و مەرجەكانی تارانیان پێڕادەگەیەنین بۆ گەڕانەوەی بەرەو رككەوتنەكە".

ئێران، چین، رووسیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، لایەنەكانی ریككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، ھەینی رابردوو بە ڕێگای ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبوونەوە بۆ باسكردنی چۆنییەتی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی، كە ئەمەریكا لە سەردەمی ترەمپ لێی كشایەوە.

ھەر یەك لە ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكان گوتیان: لە سێشەممەی داھاتوو  ئەوان بەشدار دەبن لە دانوستانكێكی دیكەدا لە ڤییەنا لە چوارچێوەی دانوستانێكی بەرفراونتر سەبارەت بە گەڕانەوەیان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی.

لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی ئێران جەختیكردەوە لە سەر رەتكردنەوەی ھەر دانوستانێكی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان سەبارەت بە گەڕِانەوە بەرە رێككەوتنی ئەتۆمی و ھەر پێشنیازێكیش لە سەر بنەمای "ھەنگاو بەرامبەر بە ھەنگاو بێت" رەتیدەكەنەوە.