ئوردن.. ئهوانهی له پیلانگێڕییهكه تێوهگلاون دادگایی دهكرێن
K24 – ھەولێر:
جێگری سەرۆك وەزیرانی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی رایگەیاند، شازادە حەمزە و ئهوانهی تێوهگلاون لەو پیلانەی دژ بە دهسهڵاتی پادشایی ئوردن دانرابوو، رادهستی دادگای ئەمنی دەوڵەت دەكرێن.
سەفەدی لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ یەكشەممە، گوتی: ئهو ههوڵانهی له دژی ئوردن درابوون پووچهڵكرانهوه. شازادە حەمزەشی بە ھاندەری ئەو پیلانانه پیلانە تۆمەتباركرد و ئاشكرایكرد، له گرتەیەكی ڤیدیۆیی تۆماركراودا و شازاده حهمزه دهركهوتووه، كه بە ھاوكاری كەسانی دیكە ھەوڵیداوە سهقامگیری ئوردن تێكبدهن.
سەفەدی گوتیشی: "شازادە حەمزە ئەو داوایانەی فەرامۆش دەكرد، كە ئاراستەی دەكران بۆ كارنەكردن لەگەڵ ئەو چالاكییانەی دژ بە ئوردنن.
ئاماژەشیكرد، چاودێری پەیوەندی سەرۆكی پێشووی دیوانی شاھانە، باسم عەوزوڵڵا و شەریف حەسەن بن زەید و شازادە كراوە و پەیوەندیش لە نێوان عەوزوڵڵا و ھەندێك لایەنی دەرەكی ھەیە.
جێگری سەرۆك وەزیرانی ئوردن جەختیكردەوە، دەزگاكانی ئەمنی چاودێرییانكردووە، پیاوێك، كە پەیوەندیی لەگەڵ دەزگا بیانییەكان ھەیە، گفتوگۆ لەگەڵ هاوسهری شازادە حەمزە كردووە و پێشنیازی بۆ كردووە دەستبەجێی فڕۆكەیان بۆ دابین بكەن بۆ ئەوەی بچنە وڵاتێكی بیانی.
ههروهها گوتی: جگە لە باسم عەوزوڵڵا و شەریف حەسەن بن زەید نزیكەی 14-16 كەس دەستگیركراون.
جێگری سەرۆك وەزیرانی ئوردن گوتیشی: "لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، وردكارییەكانیان لەم قۆناغەدا ئاشكرا ناكەین" و سەبارەت بەو پەیوەندییانەی لەگەڵ لایەنە دەرەكییەكان كراون، لە دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان؛ وردەكارییەكانیان بەڕوونی و شەفافانە بڵاودەكرێنەوە".
بەردەوام بوو لە قسەكانی و گوتی: "ئەوەی پەیوەستە بە شازادە حەمزە، ھەندێك ھەوڵ ھەن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی خانەوادەی ھاشمی مامەڵە لەگەڵ بابەتەكە بكەن، بەڵام لە كۆتاییدا، یاسا لە سەرووی ھەمووانە، ئەمن و سەقامگیری ئوردنیش لەسەرووی ھەمووانە و رێكارە پێویستەكان دەگیرێنەبەر".