ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان: به‌رپرسی ئه‌منی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی كوژرا
K24 - هه‌ولێر:
ده‌زگای دژه تیرۆری سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، كوژرانی گه‌وره به‌رپرسێكی هه‌واڵگری رێكخراوی داعشی له چالاكییه‌كدا راگه‌یاند.
ده‌زگای دژه تیرۆری سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له درێژه‌ی به ئامانجگرتنی سه‌ركرده‌كانی گروپی تیرۆریستی (داعش) و دوای به‌ده‌سهێنانی زانیاری هه‌واڵگری، له باره‌ی تیرۆریست "عه‌لی ئه‌لئه‌سوه‌د" به‌رپرسی "دیوانی هه‌واڵگری" رێكخراوی داعش و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، ئه‌و گه‌وره به‌رپرسه‌ی داعش، كه سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌منی "ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی" به‌رپرسی یه‌كه‌می رێكخراوه‌كه بووه، له نزیكی گوندی "ته‌ل عه‌زبه" كراوه‌ته ئامانج و كوژراوه.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، وێڕای كوشتنی به‌رپرسه‌ی دیوانی هه‌واڵگری داعش، دوو گه‌وره به‌رپرسی دیكه‌ی رێكخراوه‌كه‌ش كوژراون، به ناوه‌كانی "ئه‌بو عه‌بدولڕه‌حمان" كه جێگری سه‌رۆكی "دیوانی هه‌واڵگری" و "قوسه‌ی ئه‌لڕاوی" والی "دبس"ی رێكخراوه‌كه بوونه.