پڕۆژه‌ی ئیفراز سێی هه‌ولێر پێویستی به گۆڕینی بۆرییه‌كان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه
K24 – هه‌ولێر:
پڕۆژه‌ی بۆری ئاوی ئیفرازی سێ كه 15 ساڵە دروستکراوە، ئێستا بووه‌ته مایه‌ی سه‌رئێشه و ناو به‌ناو به هۆی خراپی كوالێتی بۆرییه‌كانه‌وه به زه‌بری ده‌ره‌كی ده‌شكێت و به‌شێكی به‌رچاو له گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر بێ ئاو ده‌كات.
ماوه‌ی سێ رۆژە بۆری ئاوی ئیفرازی سێ شکاوە و تیمەکان سەرقاڵی چاكکردنەوەین و بە شکانی ئه‌و بۆریه 40%ی گەڕەکەکانی ھەولێر بێ ئاو بوون.
شکانی بۆری ئاوی ئیفراز کێشەی پرۆژەیەکی پێشووە، بەڵام ئێستا پلان دانراوە لەم کابینەیە بە یەکجاریی چارەسەر بکرێت.
بەڕێوبەری گشتی ئاو ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان پلانه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی له چوارچێوه‌ی ستراتیژی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و به مه‌به‌ستی چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆریه ده‌خاته‌ڕوو.
ئاری ئه‌حمه‌د، بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، كابینه‌ی نۆیه‌می حکومەتی ھەرێم لە رێگەی بەڕێوبەرایەتییه‌كه‌یانه‌وه کار بۆ ئەوە دەکات، کێشەی بۆری ئاوی ئیفراز سێ بە یەکجاری چارەسەر بکرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چەند پلانێك ھەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە جێبەجێکردنیان دەکەن.
هێشتا ته‌مه‌نی پڕۆژه‌كه نه‌گه‌یشتووه‌ته دوو ده‌یه و ته‌نیا ماوه‌ی خزمه‌تی 14 ساڵه، كه‌چی تا ئێستا 16 جار شكاوه و پێویستی به چاككردنه‌وه هه‌بووه و خه‌رجییه‌كی زۆری خستووه‌ته سه‌ر گه‌نجینه‌ی حكومه‌ت.
پڕۆژه‌ی ئاوی ئیفراز سێ رۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین دەکات، بۆرییەکانی ئیفراز سێ لە جۆر (GRP)ـيه، کە یەکێكه لە سەختترین جۆره‌كانی بۆری بۆ چاککردنەوە و هاوكات به هۆی خراپی كوالێتییه‌كه‌ی، به هۆی ساده‌ترین زه‌بری ده‌ره‌كییه‌وه ده‌شكێت و زیان به سامانی گشتیی و به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان ده‌گه‌یه‌نێت و بە شکانیشی نزیکەی %40 گەڕەکەکانی ھەولێر بێ ئاو دەبن.
بۆ ھەر جارێك شکانی بۆریی ئاوی ئیفراز لە ھەر کاتژمێرێکدا نزیکەی 10 ھەزار مەتر سێجا ئاو بەفیڕۆ دەدرێت.
ھەولێر سێ پرۆژەی ئاوی ئیفرازی ھەیه، ئیفراز یەك ساڵی 1967 دروستکراوە و تا ئێستا بێ كێشه‌ترینه و دواتر ئیفراز دوو ساڵی 1982 درووستكراوه و به هۆی كوالێتییه‌كه‌یه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ی كرابوونه سه‌ر بۆرییه‌كه هێشتا له كاردایه، به‌ڵام پڕۆژه‌ی بۆری ئیفراز سێ له ساڵی 2007 کەوتووه‌ته كار و تا ئێستا 16 جار شكاوه و وه‌ك شاره‌زایان ئاماژه‌ی پێ ده‌كه‌ن، خراپی كوالێتییه‌كه‌ی هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌كانییه‌تی.