بازاڕی دراو ناسەقامگیرتر دەبێت
K24 - سلێمانی
چەند رۆژێكە لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی زیاتر دابەزی، بە جۆرێک 100 دۆلار بەرامبەرە 147 ھەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەدەكرێت، شارەزایەکی کارگێڕی دارایی دەڵێ "بانکی ناوەندی عێراق ھۆکاری سەرەکیە بۆ دابەزینی زیاتری بەھای دیناری عێراقی".
پەسەند کردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق، لە 31/3/2021 بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی خستە دۆخێکی خراپترەوە، چونکە پەرلەمانی عێراق بەھای 1 دۆلاری ئەمەریکی لە پڕۆژەیاسای بودجە بەرامبەر بە 1450 دیناری عێراقی جێگیر کرد، دوای ئەوەش بەھای دینار زیاتر دابەزی، جۆرێک لەم چەند رۆژەدا 100 دۆلار لە بازاڕەکاندا بە 147 ھەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوە دەکرێت، خاوەن نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی پێی وایە، دابەزینی بەھای دیناری عێراقیە زیانی زۆری لەوان داوە.
یەکێکی دیكە لە دابەزینی بەھای زیاتری دینار ئەوەیە، پاش پەسەندکردنی بودجە ئەو سەرمایەدار و بازرگانانەی سەرمایەکەیان بە دیناری عێراقی بوو، بە شێوەیەکی زۆر دیناریان خستە بازاڕەوە، کە ئەمەش وایکرد خستنەڕووی دینار زۆر بوو خواست لەسەر دۆلار زیادیکرد.
ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق 100 دۆلار بە 145 ھەزار دینار بە بانکی ناوەندی دەفرۆشێت، بانکی ناوەندیش بە 146 ھەزار بە بانکە ئەھلییەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی دەفرۆشێت، بۆیە تا دەگاتە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و ھاووڵاتیان بەھای 100 دۆلار دەگاتە 147 ھەزار و ھەندێک کاتیش بەھای زیاتر دەبێت.