جەیمس سۆرنتن: ساڵی 1991 بەریتانیا رۆڵی سەرەكی ھەبوو لە پاراستنی گەلی كوردستان

شەقامێكی ھەولێر بەناوی سەرۆك وەزیرانی پێشتووتری بەریتانیا كرا
جەیمس سۆرنتن، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەرێمی كوردستان
جەیمس سۆرنتن، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەرێمی كوردستان

K24 - ھەولێر

لەمیانی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمی ناونانی شەقامێكی ھەولێر بەناوی جۆن مەیجۆر سەرۆك وەزیرانی پێشتووتری بەریتانیا. جەیمس سۆرنتن، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: "بەناوی جۆن مەیجۆر و ھەموو گەلی بەریتانیا سوپاسی ئەم ھەڵوێستەی گەلی كورد و حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەم، ئێستا كە كورد گەیشتووەتە ئەم ئاستە جۆن مەیجۆر ھەست بە شانازی دەكات".

گوتیشی: "ئەوەی سەدام حوسێن لە ساڵی 1991 دژی راپەڕینی گەلی كورد كردی كارەساتێكی گەورەبوو، كە ملیۆنان كەس روویان كردە سەر سنوورەكانی ئێران و توركیا، زۆربەیان لە رەوشێكی نالەبار دەژیان، بەڵام ئەوكات وێنە نەھامەتییەكان كان پیشانی ھەموو دونیا دران، سەفین دزەیی یەكێك بوو لەو كەسانەی ئەوكات وەك چالاكوانێك لە بەریتانیا دەژیا رۆڵی ھەبوو لە گەیاندنی ئەو كارەساتەی بەسەر گەلی كوردا ھات".

كونسوڵی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەوكاتە لە مانگی ئادار و نیسانی 1991 قەیرانێكی گەورەی مرۆیی ھاتە ئاراوە، ھەڵوێستی ئەوكاتی گەلی بەریتانیا ھەرگیز لەبیر ناكرێت، بە سەدان ھەزار تەن خواردەمەنی و پێداویستییە سەرەتایی و تەندروستییەكانیان لە رێگەی رێكخراوە خێرخوازییەكان بۆ ئاوارەكانی كوردستان رەوانە كرد، ھەڵوێستی ئەوكاتی جۆن مەیجۆر سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا رۆڵی گرنگی ھەبوو بۆ ئەوەی حكومەتی بەریتانیا ھەوڵی جدی بدات بۆ راگرتنی ھێرشەكانی سەدام حوسێن بۆ سەر گەلی كورد و بڕیاردان بۆ دامەزراندنی ھەرێمی ئارام یان دژەفڕین، بۆیە لەسەر پێشنیازی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی بەریتانیا پڕۆژە بڕیاری 688 بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ ئەوەی ھەڵوێستی جدی دژی رژێمی بەعسی عێراق وەربگیرێت، دواتر دوو قۆناغی تێپەڕاند یەكەم بەریتانیا ھێزی تایبەتی رەوانەی ناوچەكە كرد، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پەنابەران بكات، پاش ئەوە دەستپێشخەریمان كرد سەرپەشتی ناوچەی ھەرێمی دژەفڕین بكرێت رێگە نەدرێت فڕۆكەكانی سەدام حوسێن بۆردومانی پەنابەر و ئاوارەكان بكەن".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو پارێزگاری كردنە وایكرد ھەرێمی كوردستان دروستبێت، لە ھەمانكاتدا ئەو پەیامەی گەیاند كە كورد بە تەنیا نییە. راستە ئێستا ھەرێمی كوردستان كێشەی ھەیە، بەڵام لە ئاستێكی زۆر باش دایە".

راشیگەیاند: "دەبێ پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ئەندامانی كابینەی حكومەت بكەین بۆ گفتوگۆ و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجە، دەزانم چەندین پرسی دیكە ھەن وەك كێشەی ئەمنی و ناوچە كێشە لەسەرەكان، بەڵام ئێستا ھەرێمی كوردستان ھێزی ئەمنی و پێشمەرگەی ھەیە، ئەو ئۆتۆنۆمیەی ھەرێمی كوردستان ھەیەتی زۆرە، كورد دەتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، باوەڕناكەم ھیچ ھەرێمێكی بەھێزی وەك ھەرێمی كوردستان بەھێز ھەبێت".

جەیمس سۆرنتن، باسی لەوەشكرد: "من سەرپەرشتی تیمێكی فراوانی دپلۆماسی بەریتانیا دەكەم لە ھەرێمی كوردستان، كونسوڵخانەكەمان یەكێكە لە گەورەترین كونسوڵخانەكان، لە زۆر بواردا چالاكین، مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە دەكەین و بەشدارین لە ریفۆرم لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، ئێمە بەردەوام دەبین لەگەڵ حكومەتی ھەرێمی كوردستان، سیستمی وەرگرتنی قوتابیانی كوردستانمان ھەیە لە زانكۆكانی بەریتانیا، ساڵانە 8 تا 10 قوتابی نمونەیی كوردستان دەنێرینە زانكۆكانی بەریتانیا، ئێستا چەندین قوتابی كورد لە زانكۆكانی بەریتانیا دەخوێنن، ئەمەش لەپێناو بەھێزكردنی ھەرێمی كوردستانە".