ئێران بڕیاری داخستنی دەروازە سنورییەکانی لە بواری گەشتیاری درێژکردەوە

بەھۆی تەشەنەكردنی كۆرۆنا وادەكەی درێژكردەوە
گەشتیاران لە حاجی ئۆمەران - ئەرشیف
گەشتیاران لە حاجی ئۆمەران - ئەرشیف

K24 – چۆمان

بەھۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئێران داخستنی دەروازە سنورییەکانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، لە بواری گەشتیاری درێژکردەوە.

سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە کوردستان24 راگەیاند "دوای تەواوبوونی ئەو وادەیەی دیاریکرابوو، لەلایەن ئێران بۆ داخستنی دەروازەی سنووری نێودەڵەتی حاجی ئۆمەران لە رووی گەشتیاری بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە چاوەڕێی کردنەوەی دەروازەکە و دەسپێکردنەوەی هاتن و چوونی گەشتیاری بووین، بەڵام ئەمڕۆ لەلایەن بەرپرسانی ئێرانی لە دروازەی تەمەرچین ئاگاداری بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە دەروازە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران کرایەوە کە ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە دەروازەکە بە رووی گەشتیاران دادەخات".

لە 21/2/2021 ئەمساڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هاتن و چوونی گەشتیاری لە دەروازە سنورییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە کۆرۆنا راگرت. بڕیار بوو ئەمڕۆ هاتن و چوونی گەشتیاری دەسپێبکاتەوە، بەڵام دۆخی خراپی ئەو وڵاتە بەهۆی کۆرۆنا وایکرد ئێران بڕیارەکە بۆ ماوەی  دووهەفتەی دیکە درێژبکاتەوە.