ئینفۆگرافیک.. دروستبوونی ناوچەی دژەفڕین

بڕیاری 688 كورد و كوردستانی پاراست
دیمەنێكی كۆڕەوی خوڵكی كوردستان - 1991
دیمەنێكی كۆڕەوی خوڵكی كوردستان - 1991

K24 – ھەولێر

رژێمی بەعسی عێراق لە 2/8/1990 كوێت-ی داگیركرد، كە سەدام حوسێن بەردەوام بە 19مین پارێزگای عێراقی ناودەبرد، پاش ئەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ئیدانەی ئەو داگیركارییەی كرد و داوای لە عێراق كرد كوێت جێبھێڵێ، بەڵام سەدام حوسێن گوێی بەو داوایە نەدا، بۆیە 32 وڵات بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا ھاوپەیمانێیتیەكیان راگەیاند و لە 17/1/1991 لە كوێت گورزی سەربازیان لە رژێمی بەعسی عێراق وەشاند و ناچاری پاشەكشەیان كرد.

لە 5/3/1991 راپەڕینی خەڵكی كوردستان بە پشتیوانی پێشمەرگە دژی رژێمی بەعس دەستیپێكرد، توانرا لە ماوەی كەمتر لە مانگێك زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان رزگار بكەن، پاشان رژێمی بەعس ھێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر خەڵكی كوردستان دەستپێكرد، بۆیە لە 31/3/1991 كۆڕەوی خەڵكی كوردستان دروستبوو، زۆربەی خەڵك روویان كردە سەر سنوورەكانی ئێران و توركیا. ئەوەش وایكرد چەندین وڵاتی زلھێز بێنە سەر خەت و داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش بكەن خەڵكی كوردستان بپارێزن، لە 5/4/1991 ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری 688ی دەركرد و چەند خاڵێكی لەخۆ دەگرت گرنگترینیان بۆ ئەوكات دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین (ھێڵی 36) بۆ ئەوەی رژێمی بەعس بەعس نەتوانێت ھێرشی ئاسمان بكاتە سەر خەڵكی كوردستان، ئەمەریكا و بەریتانیا و فەرەنسا پشتیوانیان لەو بڕیارە كرد. ئەم بڕیارە بووە بنەمای ئەوەی كورد بتوانێت قەوارەیەك دروستبكات، بۆیە لە 19/5/1992 ھەڵبژارن ئەنجامدرا و لە 4/7/1992 یەكەم كابینەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان پێكھێنرا.