"پلانێکی گەورەی تیرۆریستی لە كەركووك پوچەڵکرایەوە"

شەوی رابردوو لەکەرکووک چی روویدا؟
فۆتۆ: aa  - ئەرشیف
فۆتۆ: aa - ئەرشیف

K24 - كەركووك

لە ئێوارەی دوێنێ 5/4/2021، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداری تووندی بە هاووڵاتییاندا لە کاتژمێر 9ی شەوەوە رێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆ تووند دەکرێن و رێگە بە هاتووچۆ نادرێت "هەر هاووڵاتی و شۆفێرێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت"، راگەیەندراوەکە واپێشاندرا کە بەهۆی خۆپارێزییە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام راستییەکە مەترسی ئەنجامدانی هێرشێکی تیرۆریستی بوو بۆ سەر کەرکووک.

بەپێی زانیارییەکان کە لە نووسراوێکی نهێنی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک ئاراستەی دامودەزگا سەربازیی و ئەمنییەكانی کەرکووک و سنوورەکە کراون و کۆپییەکی دەست کوردستان24کەوتووە، داوایان لێدەکات لەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیدابن، بەهۆی ئەوەی داعش بەنیازی کردەوەیەکی تیرۆریستی فراوانە لە کەرکووک. زانیاری نێو نووسراوەکە باس لەوەدەکات، تیرۆریستان لە هێرشەکەیاندا مەبەستیانە دوو ئامانج بپێکن، یەکەمیان بەندیخانەی گرتن و گواستنەوە (تەسفیرات) کە بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 زیاتر لە هەزار کەسی تێدا کە بەشێکی زۆریان چەکداری داعشن و بە ماددەی4ی تیرۆر بەندکراون کە ژن و کەسوکاری داعشیانیش تێدایە، ئامانجی دووەمیان باڵەخانەی دادگای کەرکووکە، سەرەتای هێرشەکەش لە رێگەی 2 کەسی خۆکووژەوە ئەنجامدەدرێت کە بە ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کە بلۆکی هەڵگرتووە هاتوونەتە کەرکووک و ژمارەیان14 کەسە، لە نووسراوە نهێنییەکەی دەزگای هەواڵگری عێراق ناوی سەرجەمیان نووسراوە کە ئاماژە بەوەدەکات چەکدارەکان جلوبەرگی پۆلیسی ئامادەیان لەبەرە و چەکی سووکیشیان پێیە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە، زانیارییە هەواڵگرییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێش ئەنجامدانی هێرشەکە لە گەڕەکی کۆمپانیای تاریقەوە چەند گولـلە هاوەنێک ئاراستەی سەنتەری شار دەکەن بۆ ترساندنی خەڵک و شێواندنی بارودۆخەکە، کاتی هێرشەکەش وەک لە نووسراوەکەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک هاتووە، کاتژمێر 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوو، بەڵام بەهۆی ئاگادارکردبوونەوەی پێشوەختەی هێزە ئەمنییەکان هێرشەکە پوچەڵکرایەوە و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک شەوی رابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چاودێری باروودۆخەكەیان کرد و لەحاڵەتی ئامادەباشیدابوون، بەتایبەت بەندیخانەی تەسفیرات و باڵەخانەی دادگای کەرکووک، لەلایەن هێزێکی زۆری ئەمنییەوە گەمارۆدرابوون.

نوسروی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەكانی كەركووك
نوسروی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەكانی كەركووك