بودجەی عێراق رەوانەی سەرۆکایه‌تی کۆمار کرا

چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوو، سەرۆک کۆمار یاساکە پەسەند بکات؛ دواتر، یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24- هەولێر:

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، یاسای بودجە رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کراوە.

راشیگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوو، سەرۆک کۆمار یاساکە پەسەند بکات؛ دواتر، یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

کۆتایی مانگی پێشوو، بودجەی عێراق لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا، لە ماددەی 11 یاساکە، ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان جێگیرکراوە؛ ئەمەش دوای هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان و سەردانی بەردەوامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا.

هەروەها، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندی حکومەتی هەرێمی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە راگەیاندووە.