چیرۆکی بە سۆزانیی کردنی خانمێک و دواتر کوشتنی لە سعوودییە دەنگدانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت

ئاژانسێکی فەرەنسی شوێنێک لە سعوودییە دەستنیشان دەکات کە بووەتە مەڵبەندی ''کاری لەشفرۆشی''
مێلانی تەمەن 22 ساڵ
مێلانی تەمەن 22 ساڵ

K24- هەولێر:

وەکو زۆرێک لە کچانی وڵاتی ماداگاسکار، مێلانی تەمەن 22 ساڵ بۆ کارکردن چووەتە سعوودییە. 15 ئاداری ئەمساڵ، ڤیدیۆی ناشتنی لە رێگای شۆفڵێکەوە بڵاوکرایەوە.

کچەکە لە ماڵێک وەک خزمەتکار کاری کردووە، دواتر ناچار بە کاری لەشفرۆشی کراوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی فرانس24، دوای ئەوەی لە ماڵی خاوەنەکەی هەڵاتووە، مێلانی بۆ پەیداکردنی بژێویی، کاری لەشفرۆشی کردووە.

رۆژێک کەسێک پەیوەندی پێوەدەکات، تاوەکو بچێت بۆلای، کابرا دەڵێت بە تەنهایە و لە هۆتێلێکدایە. مێلانی بە هاوڕێکەی دەڵێت، ئەگەر نەگەڕامەوە ئەوا بزانە مردووم.

کاتێک مێلانی دەچێتە لای کابرا، دەبینێت کۆمەڵێک کەسن، پاش ئەوەی لەگەڵی کاری سێکسی دەکەن، ملی دەبڕن و دەیکوژن، پاشان لەشی دەشێوێنن و فڕێی دەدەن. جیا لەوەش، ئەو پارەیەی پێی بووە و لە ماوەی کارکردنی لە سعوودییە کۆیکردووەتەوە لێی دەدزن. بەوەش ناوەستن، وێنەی جەستەی کوژراوی دەگرن و بۆ هاوڕێکەی دەنێرن، پارچە کاغەزێکیش لەسەر لەشی دادەنێن و دەنووسن: ''ئەوەتا، ئەو مردووە''.

یەکێتی ئەی زی ئای جی، یەکێتییەکی ماداگاکسار و فەرەنسییە، هاوکاری دەروونی کرێکارانی ماداگاسکاریی و ئەفریقی دەکات لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو بارەوە دەڵێت، حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان هیچیان نەکردووە، تەرمەکەی بە شۆفڵ، لە شوێنێک نێژراوە کە شوێنی موسوڵمانان نییە.

بەگوێرەی فرانس24، شاری دەمام، مەڵبەندی کاری لەشفرۆشییە لە سعوودییە، زیاتر کچانی ئسیوپی و کینی، بۆ رەوانەکردنی پارە بۆ خێزانەکانیان، کاری لەشفرۆشی دەکەن. ئەم کچانەش لە ژێر دەستی سەرۆک باندێک کار دەکەن، یاخود رێکخەرێکی نهێنیان هەیە، ئەگەر بێت و نەتوانن بە کاری لەشفرۆشی پارەی سەپێنراوی سەرۆک باند یان رێکخەرەکە بدەن، ئەوا ناچار بە خۆ کوشتن دەکرێن یاخود هەندێکیان هەڵدێن.

مانگانە هەر یەکێک لەو کچانە، بڕی 400 بۆ 500 یۆرۆی پێدەدرێت، چەند پێستی سپی تر بێت، پارەی زیاتری دەدەنێ.

10 ملیۆن هاووڵاتی ماداگاسکار وەک خزمەتکار و کرێکار، لە دەرەوەی وڵاتەکەیان کار دەکەن، لەو ژمارەیەش، یەک ملیۆن و 300 هەزاریان خانمن، 80٪ ئەو خانمانەش وەکو خزمەتکاری ماڵان کاردەکەن.

حکومەتی ماداگاسکار، وڵاتانی کوەیت، لوبنان و سعوودییەی، وەک مەترسیدارترین وڵاتان بۆ خزمەتکاری وڵاتەکەی دەستنیشانکردووە.

مێلانی، لە شوێنێکی دوورە دەست بەخاکسپێردراوە، لە کاتێکدا بە گوێرەی نەریتی ئەوان، گۆڕی هەرکەسێک دەبێت بە پیرۆزیی سەیربکرێت، دوو لە هاوڕێکانی ڤیدیۆی بەخاکسپاردنیان بڵاوکردووەتەوە.