توێژینه‌وه‌یه‌ك كاریگه‌رییه لاوه‌كییه‌كانی كۆرۆنا له‌سه‌ر ته‌ندروستیی مێشك ئاشكرا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی فراوان، كه له زانكۆی ئۆكسفۆرد كراوه، یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئه‌و كه‌سانه‌ی له په‌تای كۆرۆنا چاكبوونه‌ته‌وه، دوای (6) مانگ له چاره‌سه‌بوونیان تووشی كێشه‌ی مێشك یان ده‌روونی بوون، توێژینه‌وه‌كه ئاشكرای كردووه، كه مه‌ترسی كۆرۆنا له‌سه‌ر ته‌ندروستی مێشك وه‌كو ماكێك به‌جێده‌مێنێت.
به‌پێی ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر (230) هه‌زار تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا كراوه، توێژه‌ران ئه‌وه‌یان به‌دیكردووه، (34%) چاره‌سه‌ركراوان، دوای (6) مانگ تووشی حاڵه‌تی نه‌خۆشی ده‌ماری مێشك یان كێشه‌ی ده‌روونی بوون.
توێژنه‌وه‌كه له گۆڤاری "لانێست بۆ پزیشكی ده‌روونی" بڵاوكراوه‌ته‌وه و سه‌رپه‌رشتیارانی توێژینه‌وه‌كه ئاماژه‌یان به‌وه كرد، كه چاره‌سه‌ركراوانی كۆرۆنا، زیاتر حاڵه‌ته‌كانی نه‌خۆشیی مێشكیان لێ به‌دیكراوه، به‌راورد به هه‌وكردنی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دان.
ئه‌و حاڵه‌ته باوانه‌ی له چاره‌سه‌ركراوانی كۆرۆنا بینراوه، (17%)ی تووشی دڵڕاوكێ بوون و (14%)ی تووشی ناڕێكی له میزاج بوون.
له زانیارییه‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌دا هاتووه، نه‌خۆشییه‌كانی مێشك زۆر كه‌متر بوو به به‌راورد به نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان، بۆ نموونه، (0.6%)ی حاڵه‌ته‌كان تووشی خوێنبه‌ربوون بوون و جه‌ڵته‌ی مێشك به‌رێژه‌ی (2.1%) بووه و له‌بیرچوونه‌وه به رێژه‌ی (0.7%) بووه، به‌ڵام مەترسی تێکچوونی مێشك بە شێوەیەکی گشتی لەو نەخۆشانەی کە نیشانەی سەختی کۆرۆنایان هه‌بووه، زیاتر بووە.
پۆل هاریسۆن، سه‌رپه‌رشتیاری سه‌ره‌كی توێژنه‌وه‌كه له زانكۆی ئۆكسفۆرد گوتی: "لە کاتێکدا مەترسی لەسەر کۆئەندامی ده‌مار و مێشك کەم بووە، بەڵام دەکرێت بە گشتی کاریگەری لەسەر هەموو دانیشتوانی جیهان "زۆر" بووبێت"، گوتیشی: "زۆرێك لەو حاڵه‌تانه درێژخایەنن".
هاریسۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پێویسته گرنگی تایبه‌ت به سیسته‌می چاودێری ته‌ندروستی بدرێت، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه پێشبینی ده‌كرێت له داهاتووه‌كی نزیك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، دوای ساڵێك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر په‌تای كۆرۆنا.
سه‌رچاوه: ئه‌لحوڕه
د.ی