قەدەغەی ھاتووچۆ تاووتوێ ده‌كرێت

"نەخۆشخانەکان پڕبوون له تووشبووانی کۆرۆنا"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

قەدەغەی ھاتووچۆی سنووردار یه‌كێكه‌ لە پێشنیازەکانی وەزارەتی تەندروستی، دەیانەوێت بیخەنە بەردەم لیژنەی باڵای رووبەڕووبووەنەوەی کۆرۆنا و تاووتوێ بكەن، وەک خۆیان دەڵێن نەخۆشخانەکان پڕبوونه له تووشبووانی کۆرۆنا  و پێویستە بڕیارێک بدرێت بۆ سنوردار کردنی بارودۆخەکە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش ئاشکرای دەکات ئەوانەی ئێستا نیشانەی قورسی ڤایرۆسەکەیان ھەیە  زياتر منداڵ و گەنجانن.

نەخۆشخانەکان پڕبوونه لە تووشبووانی كۆرۆنا و ئەوانەشی رەوشی تەندروستیان بەرەو خراپی دەچێت ژمارەیان لە زیاد بوونە.

وەزارەتی تەندروستی ھۆشداری لە دۆخەکە دەدات و پێشنیازی قەدەغەی ھاتوچۆی سنورداریان خستووەتە بەردەست لیژنەی باڵای کۆرۆنا.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "لەگەڵ كەرەنتین و داخستنی ھیچ شوێنێك نین، بەڵام بەھۆی تەشەنەكردنی كۆرۆنا و ئەو پاڵەپەستۆیەی لەسەر كەرتی تەندروستی ھەیە، ھەروەھا ھاوكاری نەكردنی خەڵك و پابەند نەبوونیان وایكردووە پێشنیاری قەدەغەی ھاتووچۆ بكەین".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە ھەولێر، کە تووشبووانی کۆرۆنای تێدا چارەسەر دەکرێن، نیگەرانە لەوەی کە بارودۆخەکە گەيشتووەته ئاستێكى مەترسیدار، نايشارێتەوە، بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەکەیان پڕبووە  له تووشبووانی کۆرۆنا و ناتوانن نەخۆشی تر وەربگرن.

د.کاروان یاسین، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە شاری ھەولێر دەڵێ: "ژمارەی تووشبووان بەرزبووەتەوە و وایكردووە قەرەوێڵەكان بەتاڵ لە نەخۆشخانە نەمێنێ".

بە بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبەبوونەوەی كۆرۆنا قەدەغەی ھاتووچۆی نێوان پارێزگاکانی ھەرێم و عێراق راگەیەندراوە، ئێستا وەزارەتی تەندروستی دوو پێشنیاری لە بەردەمدایە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی بارودۆخەكە و دەیخاتە بەردەم لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا، بۆ بڕیاردان یان قەدەغەی ھاتوچۆی سنوردار بە پێی کاتژمێر و رێکخستنەوەی لەنێو خودی پارێزگاکان، یاخود قەدەغەی ھاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەپێی رۆژانی ھەفتە و کاتژمێرەکانی رۆژ، ئەگەر ئامارەکان بەمشێوەیە لە ھەڵکشان بەردەوام بێت.

ھ.م