نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوتی برێنت بۆ 63.17 دۆلار بەرزبووەوە
نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - ھەولێر

لەگەڵ گەشبینییەکان بە زیادبوونی پێدانی پێكووتەی کۆرۆنا و راپۆرتەکان بە کەمبوونەوەی نەوتی عەمبارکراوی ئەمریکا، نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ چوارشەممەدا بەرزبووەوە.

نرخی نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی حوزەیران بۆ 63 دۆلار و17 سەنت بەرزبووەوە. هەروەها نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی ئایار بۆ 59 دۆلار و 73 سەنت بەرزبووەوە.

بە گوێرەی زانیارییه‌ بڵاوکراوەکانی دوێنێ سێشەممە، بازاڕی کار  و دامەزراندن لە ئەمەریکا  لە مانگی شوباتدا بۆ بەرزترین ئاستی دوو ساڵی بەرزبووەتەوە.

هەروەها سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتیش بڵاویکردووەتەوە، بەگشتی خەرجییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پێشبینی نەکراوە، بە تایبەت لە ئەمەریکا، ئەوەش گەشەی ئابووری جیهان بۆ 6% بەرزدەکاتەوە، ئه‌مه‌شی به‌ بەرزترین گەشەی جیهان داناوه‌ له‌ ماوه‌ی سێ ده‌یه‌ی رابردوو.

هۆكارێكی دیكه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی نه‌وتی عه‌مباركراوی ئه‌مەریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.