کیم کارداشیان بووە یەکێک لە ملیاردێرەکانی جیهان

كۆرۆنا كاریگەری لە داھاتی سەرمایەداران نەكردووە
کیم کارداشیان وێست
کیم کارداشیان وێست

K24 - ھەولێر

گۆڤاری فۆربس نوێترین لیستی ملیاردێرەکانی جیهانی بڵاوکردەوە، کە کیم کارداشیان وێست، یەکێکە لەو ناوانەی بۆ یەکەمجاره‌ لە لیستی ملیاردێرەکان زیادکراوە. گۆڤاره‌كه‌ بڵاویکردووەتەوە پوختەی سامانەکەی كارداشیان ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکییە.

بەهۆی براندی تایبەت بەخۆیی بۆ جوانکاری و بۆن و کۆمپانیای جلی ژێرەوە و داهاتەکانی پڕۆگرامێکی تەلەڤزیۆنی، سامانی کیم کارداشینا بۆ سەرووی ملیارێک دۆلار بەرزبووەوە.

گۆڤاری فۆربس ئاماژەی بەوەشكردووە، کیم کارداشیان وێست، پڕۆگرامی تەلەڤزیۆنی قۆستووەتەوە بۆ کۆکردنەوەی سه‌روه‌ت و سامان، لەو رێگەیەوە توانیوەیەتی بازاڕێکی باش بۆ فرۆشتنی یاری مۆبایلی تایبەت بەخۆی بدۆزێتەوە و بەرهەمەکانی جوانکاری و ئێستاش بەرهەمەکانی جلی ژێرەوە بە بازاڕ بکات.

بەمەش کیم کارداشیان لە لیستی فۆربسدا لە پلەبەندی دوو هەزار و 674 کەسایەتی دایە، لە لیستی ئافرەتە بە تواناکانی ئەمەریکاش لە پلەبەندی 24ـەم دایە.

گۆڤارەكە ئەوەشی باسی لەوەشكردووە، پەتای کۆرۆنا كاریگه‌ری نه‌بووه‌ له‌ سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی ده‌وڵه‌مه‌ندانی جیهان، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سامانەکانیان بۆ سەرووی 5 بۆ 6 ترلیۆن و 500 ملیار دۆلار زیادیکردووە، به‌مه‌ش بەراورد بە ساڵی رابردوو سه‌روه‌ت و سامانیان زیاتربووه‌.