مه‌سرور بارزانی باسی بودجه ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (7ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2021) رایگه‌یاند، سوپاسی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌م، له رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیه‌وه توانی بۆچوونی سه‌ركرده عێراقییه‌كان بگۆڕێت و پشتیوانی یاسای بودجه‌ی كرد، سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت به ئه‌ركه‌كانی به‌رامبه‌ر به بودجه‌ی فیدراڵی".
مه‌سرور بارزانی گوتی: "ئه‌مڕۆ له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، باسی تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ی (2021)مان كرد، ده‌مه‌وێت باسی ئه‌و بابه‌ته له‌گه‌ڵ یادی (30) ساڵه‌ی ده‌ركردنی بڕیاری (688)ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بكه‌م، ئه‌مڕۆش رۆژی جیهانی ته‌ندروستییه باسی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین.
گوتیشی: "تێپه‌ڕاندنی بودجه ده‌ستكه‌وتێكه بۆ هه‌موو خه‌ڵكی عێراق و خه‌ڵكی كوردستانیش، له راستیدا ده‌بووایه بودجه به شێوه‌یه‌كی زۆر ئاسایی تێپه‌ڕێت، وه‌كو ده‌ستكه‌وت سه‌یری تێپه‌ڕاندنی بودجه نه‌كرێت، به‌داخه‌وه ئه‌م بابه‌ته به سیاسی كرا و ماوه‌یه‌كی زۆری پێویست بوو".
سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "شاندی دانووستانكاری هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی فیدراڵی كارێكی زۆریان كرد، تا بیسه‌لمێنن، كاره‌كان نه ته‌كنیكی، نه دارایی، نه یاساییشن، به‌ڵكو ئه‌و كێشه سیاسییانه بوون، كه پێشتر هه‌بوون، به تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسایه، پێمانوایه یاسایه‌كی هاوسه‌نگه، هه‌موو لایه‌ك تێیدا براوه‌ن، ده‌ستخۆشی له شاندنی دانووستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، كه زۆر به رێكوپێكی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیان به‌جێگه‌یاند، سوپاسی سه‌رۆكایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ین له هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق، سوپاسی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم و عێراق ده‌كه‌م، سوپاسی په‌رله‌مانتاره به‌ڕێزه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا ده‌كه‌م، هاوكاربوون بۆ تێپه‌ڕاندنی یاسای بودجه پشتیوانی شاندی هه‌رێم بوون".
گوتیشی: "ده‌مه‌وێت سوپاسی سه‌رۆك بارزانی بكه‌م، كه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراق، وه‌چه‌رخانێك بووه بۆ گۆڕێنی هه‌ڵوێستی ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه و پشتیوانیكردنی تێپه‌ڕاندنی یاسای بودجه‌ی (2021)".
مه‌سرور بارزانی ئاشكرایكرد، "ئه‌م یاسایه‌ی له په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنراوه، حیكمه‌ت له جێبه‌جێكردنیدایه، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمان باسمان له‌وه كردووه، كه حكومه‌تی هه‌رێم به چ شێوه‌یه‌ك پابه‌ندی خۆی به‌و یاسایه جێبه‌جێ ده‌كات، دواییش پابه‌ندبوونی حكومه‌تی هه‌رێمیش به هاووڵاتیانی كوردستان باسكراوه".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌م یاسایه پێویسته له (1/ 1/ 2021) جێبه‌جێبكرێت، پابه‌ندبوونی له‌پێشینه‌ی هه‌یه، ئێمه چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین حكومه‌تی فیدراڵی پابه‌ندی خۆی به مانگه‌كانی (1 و2 و 3) جێبه‌جێ بكات، داواشمان له هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كردووه، ئاماده‌كاری بۆ چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌م بودجه‌یه بكه‌ن".
مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، "ئێمه پابه‌ندبوونی خۆمان به حكومه‌تی فیدراڵی راده‌گه‌یه‌نین و چاوه‌ڕێش ده‌كه‌ین حكومه‌تی فیدراڵی پابه‌ندی خۆیان به پشكی هه‌رێمی كوردستان رابگه‌یه‌نن".
راشیگه‌یاند، "سه‌باره‌ت به ده‌ركردنی رێنماییه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه، شاندی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه سه‌ردانی به‌غدا بكات، داواش له شاندنی عێراق ده‌كه‌ین، هه‌ر كات پێویست بكات، ئاماده‌ین گفتوگۆ بكه‌ین، تاوه‌كو بكه‌وینه سه‌ر رێچكه‌یه‌كی راست، بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی زۆر له گرفته‌كانیش كه هه‌ن".
بڕیاری (688)ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان
مه‌سرور بارزانی گوتی: "(30) ساڵ به‌ر له ئێستا كۆچڕه‌وی خه‌ڵكی كوردستان وای له‌جیهان كرد، ئه‌و غه‌در و سته‌مه ببینێت، دونیا به‌ره‌و پیر خه‌ڵكی كوردستاندا هات، بڕیاری (688)ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش وایكرد، ناوچه‌كی دژه‌فڕین و ناوچه‌ی ئارام درووست بكرێت، كه هۆكاری درووستبوونی هه‌رێمی كوردستانه، به فه‌رمی ناساندنیشی دوای ئه‌وه‌ی له ده‌ستووری عێراقیش جێگیربوو، ئه‌م ره‌وشه‌یه له ئه‌نجامی خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستانه، ئه‌نجامی هاوكاری هاوپه‌یمانان و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه، كه هه‌ر له‌وكاته‌وه به هانای ئێمه‌وه هاتن".
گوتیشی: "ده‌مه‌وێت پێزانینی خۆمان بۆ ئه‌و هاوكارییه‌ی بۆ هاناهاتنه‌وه‌ی ئێمه ده‌ربڕم، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین به‌رده‌وام بن له هاوكاریكردن، بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه و عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه هه‌یه، تێیپه‌ڕێنن، پێویستیمان به هاوكاری لایه‌نه‌كانی دیكه هه‌یه، به‌رده‌وام پێویستیمان به هاوكاری هاوپه‌یمانان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر، ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌ی ئێستا هه‌یه، پێویستی كردووه، ئه‌و هاوكارییه‌ی له ناوچه‌كه و هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بێت".
رۆژی جیهانی ته‌ندرووستی
مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "ئه‌مڕۆ رۆژی جیهانی ته‌ندرووستییه، ده‌مه‌وێت سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ پزیشك و په‌رستاران و كارمه‌ندانی ته‌ندرووستی دووپات بكه‌مه‌وه، كه خۆیان كردووه‌ته قوربانی بۆئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و كێشه ته‌ندروستیانه ببنه‌وه، به تایبه‌تی كه ئێستا په‌تای كۆرۆنا به شێوه‌یه‌كی خێرا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا هه‌ڵكشاون، سوپاس و پێزانینی خۆم به‌و پزیشك و كارمه‌ندانه راده‌گه‌یه‌نم، له‌هه‌مانكاتدا داوا له هاووڵاتیانی كوردستان ده‌كه‌م زیاتر خۆیان بپارێزن، كه زۆر جار داوامان كردووه، رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی و ناوخۆ جێبه‌جێ بكرێت".
گوتیشی: "ئه‌م ئه‌ركه به‌ته‌نیا به حكومه‌ت جێبه‌جێ ناكرێت، پێویستیمان به هاوكاری خه‌ڵكی كوردستانه، پێویسته ئه‌وان خۆیان بیر له سه‌لامه‌تی كه‌سوكاری خۆیان بكه‌نه‌وه، پێویسته خۆیان بپارێزن، ئه‌م په‌تایه كێشه‌یه‌كی جددیه، خه‌ڵكێكی زۆر گیانیان له‌ده‌ستداوه، هیوادارم به جددی وه‌ربگیرێت، ته‌نیا رێگه‌ی كۆنترۆڵكردنی ئه‌م په‌تایه، ته‌نیا خۆپارێزییه، یه‌كێك به خۆپارێزییانه، كوتانه به ڤاكسینی كۆرۆنا، كه ئێستا له‌به‌رده‌سته".
سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاشكرای كرد، "حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ ئه‌وه‌یه، كه ڤاكسین بۆ خه‌ڵكی كوردستان دابین بكات، تاكو زۆرترین رێژه‌ی خه‌ڵكی كوردستان سوودی لێ ببینن و خۆیان بپارێزن، به‌داخه‌وه هه‌ست به‌وه‌ده‌كه‌ین، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو پێویست به‌ره‌و پیر ئه‌و داوایه ناچن، داواتان لێده‌كه‌م خۆشه‌ویستان، بۆ پاراستن له كه‌سوكاری خۆتان، رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی جێبه‌جێ بكه‌ن، ئاماده‌بن بۆ ئه‌و ڤاكسیانه‌ی له‌به‌رده‌ستن، به‌كاربهێنن، ئه‌مه به‌رگری جه‌سته‌ی ئێوه به‌رامبه‌ر ئه‌و ڤایرۆسه به‌هێزتر ده‌كات، له‌هه‌مانكاتدا به‌ستی ده‌مامك و دووره‌په‌رێزی له شوێنه گشتییه‌كان یه‌كێكی دیكه له خۆپارێزییه‌كان، هیوادارم هه‌مووتان سه‌لامه‌ت و ته‌ندروست بن".
پابه‌ندبوونی هه‌رێم
مه‌سرور بارزانی دووپاتیكرده‌وه، "وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بین له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی خۆمان، ئه‌وه‌ی پێمانبكرێت، بۆ دابینكردنی شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، كه گرنگییه‌كه‌ی تایبه‌ت به دابینكردنی مووچه ده‌ده‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت، ئه‌و پابه‌ندییانه‌ی كه‌وتوونه‌ته سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی له‌دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان، ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌پێی یاسای بودجه له‌سه‌ری رێككه‌وتووین، دیسان بارگرانییه‌ك له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم درووست ده‌كات".
دووپاتیشیكرده‌وه، "ئێمه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین، مووچه بۆ فه‌رمانبه‌رانی كوردستان دابین بكه‌ین، له‌هه‌مانكاتیشدا به‌رده‌وام ده‌بین بۆ زیادكردنی داهاتی خۆمان به‌و پڕۆسه چاكسازییه‌ی ده‌ستمان داوه‌تێ، ئه‌مه به هیچ شێوه‌یه‌ك كۆتاییهێنان نییه به پڕۆسه‌ی چاكسازی، ئێمه له پڕۆسه‌ی چاكسازی به‌رده‌وام ده‌بین، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت و زیادكردنی داهاته‌كانی هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به باشترین شێوه له خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستاندا بین".
بودجه‌ی هه‌رێم
مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "یه‌كێك له سه‌رچاوه‌كانی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، شایسته داراییه‌كانی فیدراڵییه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین رێنمایی پێده‌ربچێت، ئه‌و كات یاسای بودجه ده‌نێرینه په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌و دواكه‌وتنه‌ی له بودجه‌ی عێراقیش هه‌بوو، ئێستا ئێمه گه‌یشتووینه‌ته ئه‌نجام، بۆ به‌رچاوڕوونی، ئێمه (3) سه‌رچاوه‌ی داهاتمان هه‌یه، یه‌كێكیان ئه‌و شایسته داراییانه كه له لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه دێت، ئه‌وه‌ی دووه‌م داهاتی نه‌وتییه و به‌شی سێیه‌م داهاتی نانه‌وتییه، ئێستا داهاته‌كانی ئێمه دیار، خه‌رجییه‌كانیشمان دیارن، چۆنیه‌تی ئه‌و خه‌رجییانه دیاری بكه‌ین، هه‌وڵ ده‌ده‌ین، واقعی بین، نه‌وه‌ك خه‌رجییه‌كی زیاد ئاماده بكه‌ین، پێمان پڕنه‌كرێته‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌و ژمارانه له‌یه‌ك نزیك بن، له‌داهاتوودا به‌رنامه‌كانی حكومه‌ت جێبه‌جێ بكرێت، بێگومان كاری له پێشینه‌ی ئێمه دابینكردنی مووچه‌یه، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌و ئه‌جێندایه‌ی له سه‌ره‌تای پێشكه‌شكردنی كابینه‌كه‌مان خستوومانه‌ڕوو، پابه‌ندین به جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه".
جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتن
مه‌سرور بارزانی گوتی: "نامه‌وێت له‌سه‌ر بنه‌مای گومانه‌وه مامه‌ڵ له‌گه‌ڵ رێككه‌وتن بكه‌ین، راسته ئێمه ئه‌زموونێكی تاڵمان هه‌یه، به‌ڵام چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كه‌ین، كه حكومه‌تی فیدراڵی پابه‌ندییه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكات، حكومه‌تی فیدراڵی له مانگه‌كانی (1 و 2 و 3) به‌پێی ئه‌و یاسایه هیچی بۆ هه‌رێمی كوردستان خه‌رج نه‌كردووه".
گوتیشی: "داوا له حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین، ئه‌و سێ مانگه‌ی كه رۆیشتووه مه‌قاسه بكرێت، بزانرێت كێ چه‌ندی ده‌كه‌وێته سه‌ر، ئێمه له پێش چاوی رای گشتی عێراقی و كوردستانی و جیهانی ده‌ڵێین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه هه‌موو پابه‌ندییه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات، ده‌مانه‌وێت خه‌ڵك خۆی حه‌كه‌م بێت بزانێت حكومه‌تی هه‌رێم جێبه‌جێی كردووه، هیوادارین حكومه‌تی عێراقیش به‌و جۆره كار بكات كه به هه‌مان ئاراسته و نه‌فه‌س بێت".
مه‌سرور بارزانی ئاشكرایكرد، "حكومه‌تی فیدراڵی پابه‌نده به جێبه‌جێكردنی ناردنی شایسته داراییه‌كان، له سه‌ره‌تاوه‌ش "سه‌رۆك بارزانی" له‌سه‌ر هێڵ بووه له‌گه‌ڵ به‌رپرسان، ئه‌وه‌ش هۆكاربووه بۆ رێككه‌وتنه‌كه، ئه‌وه‌ش ده‌ستكه‌وتێكه بۆ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و عێراقیش".
زه‌وییه‌كانی 8ی حه‌سارۆك
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "ده‌مانه‌وێت كێشه‌ی "8ی حه‌سارۆك" چاره‌سه‌ر بكه‌ین، داواكاری زۆر هاتووه له‌گه‌ڵ پارێزگاری هه‌ولێریش قسه‌مان كردووه، رێگری نییه له جێبه‌جێكردنی، به‌ڵكو پێویسته خزمه‌تگوزاری بۆ ببرێت، پرۆژه‌كه هی پێشتره و ده‌ستكاری زۆری زه‌وییه‌كان كراوه، بۆیه له پێناو تێپه‌ڕاندنی كاره‌كان به شێوه‌ی یاسایی كاری زیاتری ده‌وێت، لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریشم راسپاردووه".
خۆگونجاندن:
مه‌سرور بارزانی روونیكرده‌وه، "سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نه سیاسی و په‌رله‌مانتارانه ده‌كه‌م، كه باسی مووچه ده‌كه‌ن به‌بێ لێبڕین، دڵنیابن حكومه‌ت زیاتر له‌وان دڵسۆزه بۆ ئه‌وه‌ی لێبڕێن نه‌مێنێت، نامانه‌وێت كه‌س بڵێت داهات نییه و مووچه كه‌مه، ئێمه حه‌ز ده‌كه‌ین ئه‌مه روونبكه‌ینه‌وه، ئێمه سێ داهاتی سه‌ره‌كیمان هه‌یه، داهاتی به‌غدا و نه‌وتی و نانه‌وتی، به‌ڵام قه‌رز و ئیلتیزاماتی دیكه‌ی له‌سه‌ره. قه‌رزی بانك و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بۆ كۆمپانیای سۆمۆ و نیوه‌ی داهاتی نانه‌وتی بۆ حكومه‌تی فیدراڵی ده‌بێت، پێویسته به‌راورد بكرێت لێره داهات چه‌نده و چه‌ند ده‌درێته حكومه‌تی فیدراڵی و ئه‌وانیش چه‌ند ده‌نێرن".
روونیشیكرده‌وه، "داوامان وایه له حكومه‌تی فیدراڵی ئه‌و خاڵه به‌هه‌ند وه‌ربگرن و شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو خۆی و له‌كاتی خۆیدا بنێرن".
رێكاره‌كانی تایبه‌ت به كۆرۆنا
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرای كرد، "لیژنه‌یه‌كی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا هه‌یه و ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن و بڕیاره‌كه بۆ ئه‌وان جێده‌هێڵرێت، كه چ رێكارێك ده‌گرنه به‌ر، به‌ڵام له هه‌مووی گرنگتر خۆپارێزی خودی خه‌ڵكه‌كه‌یه، جارێ شوێنه گشتییه‌كان داخراون، به‌ڵام پێویسته خه‌ڵكی خۆیان بپارێزن و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر شانه".
ئاشكراشی كرد، "هه‌ر هاووڵاتییه‌ك هه‌وڵی خۆپاراستن بدا، حكومه‌ت گرفت بۆ هیچ شتێك دروست ناكات تا پێویست بكات شوێن دابخات، داوای من له هاووڵاتیان و خوشك و برایانی خۆشه‌ویست ئه‌وه‌یه، خۆیان خۆیان بپارێزن، بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه رووبه‌ڕووی ئه‌و په‌تایه ببینه‌وه".
گفتوگۆی ستراتیژی به‌غدا - واشنتن
مه‌سرور بارزانی گوتی: "هێشتا مه‌ترسی تیرۆر له‌سه‌ر عێراق به‌رده‌وامه، مانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانان به گرنگ ده‌زانین، وه‌كو هه‌رێمی كوردستان بۆچوونی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ڕوو، به‌ڵام وه‌كو به‌شێك له لایه‌نه عێراقییه‌كان به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه ده‌كه‌ن".
كابینه‌ی نۆیه‌م و چاكسازی
مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "حكومه‌تی هه‌رێم كاری كردووه له‌سه‌ر چاكسازی و داهاتی زیادیكردووه، به‌ڵام دوو هۆكار كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی داهات هه‌بووه، ئه‌وانیش په‌تای كۆرۆنا و داته‌پینی ئابووری جیهان و ناوچه‌كه بووه، له هه‌ندێك خاڵه سنوورییه‌كان به شێوه‌یه‌كی رێك و پێك كاره‌كان رێكخراون، ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش كه ماون هه‌موو گوشارێك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی رێكبخرێنه‌وه و به گوێره‌ی رێنماییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كار بكه‌ن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "پێشتر مه‌ترسی له‌سه‌ر كڕیارانی نه‌وتی هه‌رێم هه‌بوو له‌لایه‌ن به‌غداوه، به‌ڵام له‌مه‌ودوا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین و ئه‌و مه‌ترسیانه نامێنن و ده‌توانین گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ین".
سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌ختیكردووه، "ئێمه پابه‌ندین به چاكسازی و به‌رده‌وامیشین، ئینجا هه‌ر یه‌كه و به جۆرێك پێناسه‌ی ده‌كات، خۆم و حكومه‌ته‌كه‌م پابه‌ندین به‌و به‌ڵێنانه‌ی به هاووڵاتیانمان داوه و ده‌ستكه‌وته‌كانیش به داتا و ئامار ده‌خه‌ینه‌ڕوو".
مه‌سرور بازانی دووپاتیكرده‌وه، (10) مانگه حكومه‌تی فیدراڵی هیچ شایستەی دارایی بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌ناردووه، به‌و چاكسازییانه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م له داهاته‌كان كردوویه‌تی، توانیومانه مووچه‌ی پێدابین بكه‌ین و ئیداره‌ی خۆمان بكه‌ین و پڕۆژه‌ش ئه‌نجام بده‌ین، ده‌رگامان به رووی كه‌رتی تایبه‌ت كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌رتی گشتیدا پڕۆژه به‌گه‌ڕ بخه‌ین".
گوتیشی: "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی فیدراڵی پابه‌ندیش نه‌بێت، ئێمه پابه‌ندی خۆمان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه، به حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌موو به خه‌ڵكی عێراق راده‌گه‌یه‌نین و چاوه‌ڕوانیشین ئه‌وان به هه‌مان شێوه پابه‌ند بن، ئه‌گه‌ر خوانه‌كرده ئه‌وانیش پابه‌ند نه‌بن، ئه‌وا به هه‌مان شێوه‌ی پێشوو ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین".
ناوچه كوردستانییه‌كان
مه‌سرور بارزانی گوتی: "له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی قسه‌مان كردووه، مادده‌یه‌كی ده‌ستووریمان هه‌یه، كه مادده‌ی (140)ـه، به‌داخه‌وه تاكو ئێستا حكومه‌تی فیدراڵی نه‌هاتووه‌ته پێش بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌یه، ئێمه‌ش ئاماده‌ین بۆ ئه‌و كاره، هه‌ندێك چاره‌سه‌ری خێراش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستیش هه‌ن، بۆ نموونه هه‌ماهه‌نگی له نێوان هێزی پێشمه‌رگه و هێزه عێراقییه‌كان، به‌ڵام لایه‌نی به‌رامبه‌ر نه‌هاتووه‌ته پێش".
رێككه‌وتنی شنگال
سه‌رۆكی حكومه‌ت روونیكرده‌وه، "تا ئێستا رێككه‌وتنی شنگالیش جێبه‌جێ نه‌كراوه، كه له‌گه‌ڵ به‌غدا رێككه‌وتووین له‌سه‌ری و به‌ربه‌ستی زۆر هه‌ن له‌سه‌ر جێبه‌جێ كردنی، ئه‌و خاڵانه‌ش كه هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ری رێككه‌وتوون، لایه‌ن هه‌یه رێگری له جێبه‌جێكردنی ده‌كات".
روونیشكرده‌وه، "هه‌ر جۆره نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ده‌ستكه‌وته بۆ هه‌موو خه‌ڵكی عێراق، نه‌ك حكومه‌تێك و كابینه‌یه‌ك و كه‌سێك، ئه‌وه ده‌ستكه‌وته بۆ هه‌موو لایه‌ك، كێشه‌كان كێشه‌ی ته‌كنیكی نه‌بوون، به‌ڵكو سیاسی بوون، كێشه‌كه ئه‌وه بوو به‌شێك له مافه ده‌ستوورییه‌كان پێشێل بكرێن".