سه‌ره‌ڕای تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی، نه‌تانیاهو بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت راسپێردرا

K24 - واشنتن:
رۆژی 23ی مانگی رابردوو، له ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا، بۆ جاری چواره‌م، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل به‌ڕێوه‌چوو كه 6 ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەر بۆ هەڵبژاردنی 120 نوێنەری په‌رله‌مان مافی به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان هه‌بوو.
دوای ئه‌وه‌ی كه هیچ پارتێكی به‌شداربووی هه‌ڵبژاردن نه‌یتوانی به ته‌نیا 61 كورسی واته زۆرینه‌ی كنێست (په‌رله‌مانی ئیسرائیل) مسۆگه‌ر بكات، رۆژی سێشه‌ممه، ریۆڤین رێڤلین، سه‌رۆكی وڵات، پاش دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ رێبه‌رانی حزبه سیاسییه‌كانی وڵات، داوای له بنیامین نه‌ته‌نیاهو كرد هه‌نگاو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی ئیسرائیل بنێت.
ئه‌مه له كاتێكدایه نه‌ته‌نیاهو، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای ئه‌و وڵاته، تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی دراوه‌ته پاڵ و له‌به‌رده‌م دادگاییكردندایه.
ریۆڤین رێڤلین، سەرۆکی ئیسڕائیل، باسی له‌وه كرد بۆ ناوبراو ئاسان نه‌بووه له‌م باره‌وه بڕیار بدات و گوتی: "له رووی مه‌عنه‌وی و ره‌وشته‌وه، بڕیارەکە بۆ من ئاسان نەبوو، دەزانم سەرۆک نابێت کەسێك بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێرێت، له كاتێكدا ئەو کەسە تۆمەتی گه‌نده‌ڵی درابێته پاڵ، بەڵام به گوێره‌ی یاسا و به بڕیاری دادگا، سەرۆک وەزیران، تاكو تۆمه‌ته‌كانی به‌سه‌ردا ساخ ده‌بێته‌وه، بۆی هه‌یه له كاره‌كه‌ی به‌رده‌وام بێ".
بنیامین نه‌ته‌نیاهو، 12 ساڵە وه‌كو سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له لایه‌ن په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێ. نه‌ته‌نیاهو سه‌رۆكی حیزبی لیكوده كه ساڵی 1973 دامه‌زراوه و پتر له‌گه‌ڵ هێزه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی ئیسرائیل به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌شی پێكده‌هێن.