بارزانی: كاتی ھاتووە سنوورە دەستکردەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پشتیان پێ نەبەسترێت

"ئەو ھەڵە مێژووییە راست بکرێتەوە"

K24 - ھەولێر

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ھەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ گۆڤارێكی ئەمریكی رایگەیاند، کاتی ئەوە ھاتووە سنوورە دەستکردەکانی رۆژھەڵاتی ناوەراِست پشتیان پێ نەبەسترێت و سنوورە سروشتییەکەی دیاربکرێن.

مەسعوود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ھەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ گۆڤاری (زەنەیشن) کە کۆنترین گۆڤاری ھەفتانەی ئەمریکایە، سەبارەت بە یادی سەد ساڵە رێککەوتنامەی سایکس پیکۆ دەڵێ: "کاتی ھاتووە ئەو ھەڵە مێژووییە راست بکرێتەوە، بەڵام ئەو پڕۆسەیەش بەشێوەیەکی ئاشتیانە و لە رێگای ریفراندۆمەوە بەڕێوەبچێت".

بارزانی، لەو ھەڤپەیڤینەدا رێککەوتنامەی سایکس پیکۆ بە ھەڵەی سەدە ناو دەبات و دەشڵێت: "ئەو سنوورانەی لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە دیارکران، ئێستا نەماون و واقیعێکی دیکە ھاتووەتە ئاراوە".

لە بەشێكی دیكەی ھەڤپەیڤینەكەدا بارزانی رایگەیاندووە: "ناکرێت خەڵك ناچار بکەیت پێکەوە بژین و ھەرچەند ھەوڵیش بدەیت، لە کۆتاییدا ھەر شکست دێنێت".