جیمس جێفری: واشنتن و ئەنقەرە دوو ھاوبەشی زۆر نزیكن لە سووریا

K24 – ھەولێر:
نێردەی تایبەتی پێشووی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا، جیمس جێفری، رایگەیاند، توركیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان دوو ھاوبەشی زۆر لە یەكتر نزیكن لە سووریا و دەتوان بەیەكەوە لەو وڵاتەدا كاربكەن.
جێفری لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی "ئەنادۆڵ"ی توركیایی جەختیكردەوە، كەوا خۆیی واقعبینانەیە لە پرسێكی زۆر ئەستەمی وەك پرسی سووریا و پێویستە راستییە نوێیەكان زۆر باش بخوێنرێنەوە و ھەڵوێست لەسەر ئەوە وەربگیرێت، لە حاڵەتێكدا ئەگەر چارەسەرییەكی تەواو نەدۆزرایەوە".
لە ھەڵسەنگاندنیدا بۆ ڕێرەوی مەزندەكراوی پەیوەندییەكانی نێوان سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و ھاوتا ئەمەریكاییەكەی، جۆ بایدن، ئەو دیپلۆماتكارە ئەمەریكاییە گوتی: لەم كاتەدا كارە بەراییەكانی بایدن لەناوبردنی پەتای كۆرۆنا، ھاوسەنگییە سیاسییە ناوخۆییەكان، ململانێ لەگەڵ چین و گۆڕانی ئاووھەوایە.
جێفری گوتی: ویلایەتە یەكگرتووەكان لەم قۆناغە نوێیەدا نایەوێت پارە و سەرچاوەی سەربازی زۆر بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەرخان بكات، بۆیە لەگەڵ ھاوبەشە ناوچەییەكانی كاردەكات. ئاماژەشیكرد، "واشنتن بەھەماھەنگی لەگەڵ توركیا كاردەكات لە دوو دوسیەی گرنگ لە ناوچەكەدا، كە ئەوانیش ئیدلبی سووریا و تەرابلوسە له لیبیا.
جێفری رایگەیاند، كەوا خۆی بۆ ئیدارەی بایدن پێشنیازی كردبوو بەردەوام بێت لە سەر سیاسەتەكانی "واقیعبینانە" و "كیسەنجەریانە" وەك ئەوانەی ویلایەتە یەكگرتووەكان پەیڕەوی كردن لە سەردەمی سەرۆكی پێشوو، دۆناڵد ترەمپ.
جێفری روونیكردەوە، پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمەریكا ئێستا بە قۆناغێكی ھێوردا تێپەڕ دەبن و ئەو لە بڕوای تەواو دایە، كەوا لە ماوەی داھاتوودا باش دەبن.
گوتیشی: تێڕاوانینی نێوان ھەردوو وڵات و پەیوەندییەكانییان لە یەكتر نزیك نین، بەڵام ئێستا ھێوری بەخۆیەوە دەبینێت و لە شەش مانگی داھاتوودا بەرەو باشی دەڕوات.
جێفری ئاماژەیكرد، ویلایەتە یەكگرتووەكان و توركیا مێژوویەكیان لە ھاوپەیمانی له چوارچێوهی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)دا ھەیە، كە زیاتر لە 70 ساڵە.
روونیشیكردەوە، ئەو دوو وڵاتە ھاوپەیمانە، رووبەڕووی قۆناغی قورس و ئەو پرسانە بوونەوە كە كاریگەری نەرێنیان كردە سەر پەیوەندییەكانیان، جەختیشكردەوە لەوەی پێویستە، متمانە لەنێوان ھەردوو حكومەتدا زیاد بكرێت و گوتی: "پەیوەندی زۆر بە لق و پۆپ لە نێوان توركیا و ویلایەتە یەكگرتووەكاندا ھەیە، ئەو پەیوەندیانە بەردەوام دەبن. ھێشتا سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن و سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بە یەكەوە كۆ نەبوونەتەوە، بەڵام ھەرووكیان باش یەكتر دەناسن".
بەردەوام بوو و گوتی: "ئێستا پەراوێزێكی گەورە بۆ ھەڵە نییە. ئەو پەیوەندییانە بەردەوام دەبن، بەڵام بە ئاستێكی كەمتر لەوەی لە ماوەكانی پێشوودا بینیومانە".
سەرچاوە: "ئەنادۆڵ"