کۆرۆنا بۆ بەرازیلییەکان بووەتە بۆمبی بایۆلۆجی

گۆڕە کۆنەکان بۆ مردووە نوێیەکان بەکار دەهێنن
گۆڕستانێکی قوربانیانی کۆرۆنا لە بەرازیل
گۆڕستانێکی قوربانیانی کۆرۆنا لە بەرازیل

K24- هەولێر:

مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەرازیل، بە رێژەیەکی مەترسیدار زیادبووە، تەنها لە یەک رۆژ، چوار هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.

میگوێل نیکۆلێلیس، پزیشک و پرۆفیسۆر لە زانکۆی دوک بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە: ''ئەوەی لێرە روودەدات، وەکو تەقینەوەی بۆمبێکی بایۆلۆجی وایە و لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە''.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی بەرازیل، تاوەکو ئێستا، 337 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. زیاد لە 13 ملیۆن کەسیش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

بەشێک لە هاووڵاتیان رەخنە لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەگرن بەوەی هاووڵاتیانی لە پابەندبوون بە رێنماییەکان و بەستنی ماسک بە جددی ئاگادار نەکردووەتەوە.

لەگەڵ ئەوەش، حکومەتی بەڕازیل نیازی هەیە، بازاڕ و دوکان و بازرگانییەکان بە تەواوی بکاتەوە.

وەزیری ئابووری بەرازیل لەوبارەوە رایگەیاندووە: ''تاوەکو سێ مانگی دیکە، بازاڕەکان دەکەینەوە و ژیان ئاسایی دەبێتەوە''.

دۆخەکە لە بەرازیل  بەجۆرێکە، گۆڕە کۆنەکان بۆ مردووی نوێ بەکاردەهێنن، حکومەتیش کە باری دارایی خراپە، چاوەڕێی وەرگرتنی ڤاکسینە.