وێڕای گه‌شبینی به‌ بووژانه‌وه‌ی ئابووری جیهان نرخی نەوت دابەزی

گرێبەستە دواخراوەكانی خامی "برێنت" بە رێژە 0.6% دابەزی و گەیشتە 62.38 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێكی نەوت
بەرھەمھێنانی نەوت
بەرھەمھێنانی نەوت

K24 – ھەولێر:

وێڕای ئەگەری تۆماركردنی گەشەیەكی ئابووری جیھانی بەھێزتر لەوەی مەزندە دەكرێت، كەچی ئەمڕۆ نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی. ئەمەش لە كاتێكدایە، گفتوگۆكانی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەرگا دەكاتەوە لەبەردەم كەمكردنەوەی سزاكانی سەر ھەناردە نەوتییەكانی.

گرێبەستە دواخراوەكانی خامی "برێنت" بە رێژە 0.6% دابەزی و گەیشتە 62.38 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێكی نەوت لە كاتژمێر 08:43 بە كاتی گرینچ و گرێبەستە دواخراوەكانی خامی رۆژئاوای "تێكساسی ناوەڕاستی ئەمەریكایی" ئەویش بەڕێژەی 0.6% دابەزی و گەیشتە 58.97 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێكی نەوت.

پێشتر نرخەكان بەھۆی باشبوونی داتاكانی ئابووری بەرزبوونەوەیان بەخۆیەوە بینی بوو.

شیكەرەوەكانی بانكی "ANZ" لە یاداشتنامەكیان ئەمڕۆ نووسیویانە: "گەشبینی بەرامبەر ئاسۆی ئابووری ورەی لە بازاڕەكانی نەوتی خام بەھێزكرد".

سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی، دوێنی گوتی: خەرجكردنی بێ نموونەی پێشینە بۆ لەناوبردنی پەتای كۆرۆنا، وادەكات تێكڕای گەشەی جیھانی لەم ساڵدا بگاتە 6%، ئەم رێژەیەش لە ساڵانی ھەفتاكانی سەدەی رابردووەوە تۆمار نەكراوە.

بەڵام ئەگەری بازدانێك لە ئەمباركراوەكانی سووتەمەنی ئەمەریكا و گفتوگۆكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران فشاریان خستە سەر نرخەكان.

سەرچاوە: "رۆیتەرز"